ئەردۆغان: بەراشکاوی دەڵێم رێز لەو بڕیارەی دادگا ناگرم

له‌ دژی بڕیاره‌كه‌ی دادگا بۆ ئازادكردنی ئه‌و دوو رۆژنامه‌ ده‌وه‌ستێته‌وه‌

K24 - ئیستانبول:

سەرۆك کۆماری تورکیا بۆ ئازادکردنی دوو رۆژنامەنووسی سەر بە ئۆپۆزسیۆن بێدەنگی شکاند و رایگەیاند، بریاری ئازادکردنی ئەو دوو رۆژنامەنووسە،  لەلایەن دادگای دەستووری تورکیاوە نادروست بووە و بەراشکاوی دەڵێم رێز لەو بڕیارە ناگرم.

هەریەکە لە رۆژنامەنووسان جان دۆندار سەرنووسەری رۆژنامەی "جمهوریەت" و ئاردەم غول بەرێوەبەری نووسینگەی ئەنقەرەی هەمان رۆژنامە، دوای ٩٢ رۆژ لە بەندکردن بەبڕیاری دادگای دەستووری تورکیا لە ئیستانبول ئازادکران.

ئەو دوو رۆژنامەوانە لەهەواڵێکدا ئاماژەیان بە  ناردنی چەك لەلایەن سوپای تورکیاوە بۆ رێکخراوی داعش بۆ نێو سوریا بڵاوکردبۆوە و دواتر داواکاری گشتی تورکیا بەتۆمەتی بڵاوکردنەوەی هەواڵی نادروست، سکاڵای  تۆمار کرد و هەردوو رۆژنامەنووسەکە دەستگیرکران.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ئەمڕۆ لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە لە ئیستانبول سازیکرد گوتی: "بە راشکاوی دەڵێم  رێز لە بڕیارەکەی دادگای دەستووری تورکیا ناگرم، چونکە ئەو دوو کەسە رۆژنامەوان نین، بەڵکو وەك سیخوڕ کاریان کردووە".

ئەردۆغان گووتیشی: "لەو هەواڵە نادروسته‌ی بڵاویان کردەوە،  زیانی زۆریان بە ئاسایشی تورکیا گەیاند، ناکرێ دادگای دەستووری تورکیا چاوپۆشی لەو تاوانە گەورەیە بکات و کارێکی لەو جۆرە لە چوارچێوەی ئازادی رۆژنامەگەریی رێگای پێبدری".

به‌ گوێره‌ی ئاماری سەندیکای رۆژنامەوانانی تورکیا بەتۆمەتی پێشێلکردنی ماددەی ٢٨ی نێو دەستووری تورکیا زیاتر لە ٣١ رۆژنامەوان زیندانی کراون.

ماددەی ٢٨ی نێو دەستووری تورکیا باس لە سزادانی هەر رۆژنامەوانێک دەکات، لە کاتێکدا ئەگەر هەواڵی ناڕاست یا هەواڵێك بڵاوبکاتەوە ببێتەهۆی  زیان گەیاندن بە ئاسایشی نیشتیمانی.