داوا دەكرێت كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتیی بەشدار بێ لە وردبینیی لە نەوت
"حكوومەتی هەرێمی كوردستان پلانێكی تۆكمەی داڕشتووە"
K24 - ھەولێر:
جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، داوایان كردووە كۆمپانیایەكی متمانە پێكراوی نێوەدەوڵەتیی بەشداریی لە وردبینیی لە كەرتی نەوتی ھەرێمی كوردستان بكات.
لە راگەیاندراوێكی نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە زاری قوباد تاڵەبانییوە، دەڵێ: "داوامان كردووە كۆمپانیایەكی متمانە پێكراوی نێودەوڵەتیی بەشداربێت لە پڕۆسەی وردبینیی لە كەرتی نەوت لە پێناو زیاتر شەفافكردنی لە هەرێمی كوردستان".
راگەیاندراوەکەی نووسینگەی قوباد تاڵەبانیی، هاوکات باسی دیداری جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان و شاندێكی یەكێتیی ئەوروپایە بە سەرۆكایەتی پاتریت سیمۆنت، باڵوێزی یەكێتیی ئەوروپا لە بەغدا دەکات، كە سەردانی ھەرێمی كوردستانیان كردووە.
لە بەشێكی دیكەی راگەیاندراوەكەدا ھاتووە لەو دیدارەدا قوباد تاڵەبانیی رایگەیاند: "مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و نەناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە لایەن حكوومەتی بەغداوە، مووچەكانیان دواكەوتووە، بەڵام حكوومەتی هەرێمی كوردستان پلانێكی تۆكمەی داڕشتووە بەمەبەستی دەربازبوون لەو قەیرانە و دابینكردنی شایستە داراییەكانی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان".
جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران دەشڵێ: "بەدڵنیاییەوە قەیرانی دارایی تێدەپەڕێنین، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە چاكسازیی و دەستگرتنەوە و لە هەوڵدایە بۆ نەهێشتنی مووچەخۆری بندیوار و دوو مووچەیی".
بە گوێرەی ئەو راگەیاندراوە پاتریت سیمۆنت، باڵوێزی یەكێتیی ئەوروپا لە بەغدا ستایشی هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كردووە و رایگەیاند: "وڵاتانی ئەوروپا بە بایەخەوە دەڕواننە رۆڵی هەرێمی كوردستان لە عێراق و ناوچەكە".
داڕشتنەوە: هـ ، م