پارێزگاران: ریفۆرمخوازان سێ لە سەر چواری دەنگەكانیان بە دەستهێنا

ئەنجوومەنی ئەم خوولە ئەنجوومەنێكی سێ جەمسەریی دەبێت

K24 – ھەولێر:

باڵی پارێزگارانی ئێران لە رۆژنامەكانی ئەمڕۆی خۆیاندا ریفۆرمخوازەكان بە "درۆزن" تۆمەتبار دەكەن و دەڵێن ئەوان تەنیا توانیویانە سێ لە سەر چواری دەنگەكان بۆ ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران بەدەست بێنن، ھاوكات ریفۆرمخوازان لەسەر ئەو بڕوایەن، ئەنجوومەنی ئەم خوولە، ئەنجوومەنێكی سێ جەمسەری دەبێت و ھاوسەنگی رۆڵ دەگێرێت.

حوسێن شەریعەتمەداریی سەرنووسەری رۆژنامەی كەیھان سەر بە پارێزگاران لە یادادشتی رۆژی ئەو رۆژنامەیەدا نووسیوێتی: "ریفۆرمخوازان خۆیان بە بڕاوەی ھەر دوو ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران دەزانن ئەوە لە كاتێكدایە یەكەم، پارێزگاران زۆربەی نزیك بە سەرجەم كورسییەكانی ئەنجوومەنی شارەزایانی ریبەرییان لە سەرانسەری ئێراندا بۆ خۆیان دەستەبەر كردووە و دووەم، كاندیدانی باڵی ریفۆرمخواز بۆ ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی، تەنیا لە تاران زۆربەی دەنگەكانیان بەدەستھێناوە، بەڵام لە كۆی ئێراندا پارێزگاران یەكەمن".

رۆژنامەی كەیھان نووسیوێتی: "ریفۆرمخوازان نەك ھەر زۆرینە نین بەڵكوو كەمینەن، میدیاكان و ھەندێك لە بەرپرسانی ئەمریكایی و ئەوروپایی لەسەر بنەمای گوتەی ریفۆرمخوازان دەھۆڵی گۆڕانی ھەڵسووكەوتی كۆماری ئیسلامیی ئێرانیان دەكوتا، ئەوان بیریان لەوە نەكردەوە كە زۆرینەی رەھای نوێنەرانی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران ھەر پاریزگارانن".

رۆژێكی خۆش بۆ هۆزی ئۆمێدواران

حەمید رەزا سەلامیی لە سەروتاری رۆژنامەی فرسەتدا نزیك لە ریفۆرمخوازان نووسیوێتی: "پارێزگاران خوولی نۆیەم زۆرینەی رەھای ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێرانی لەدەست بوو، بەڵام 80%ی ئەو نوێنەرانە، بۆ خوولی دەیەم دەنگیان بەدەست نەھێنا، لە تاران وەك پایتەختی وڵات كە رۆڵی سەرەكیی و چارەنووس سازی ھەیە، تەنانەت یەك نوێنەری پارێزگاران دەنگی بەدەست نەھێناوە، لە ھەندێك لە شارەكانی ئێرانیش ھەر وەكوو نەریت ئەو باڵە دەنگیان ھێناوەتەوە، بەمحاڵەش دەڵێن ئێمە براوەین".

نووسەر دەڵێ: "ئەوە بەو مانایە نییە كە باڵی پارێزگاران كۆی دەنگەكانیان لەدەستچووبێت، بەڵام بە مانای دۆڕانی ئەوان لەو ھەڵبژاردنەدا دێت، ئەوە سەرەڕای ناعادڵانە بوونی كێبەركێكە، بەڵام ھێزی گەنج و روخساری نوێ (ریفۆرمخواز) لە بەرامبەر گەورەكان و كەسایەتییە ناسراوەكانی لایەنی بەرامبەر (پارێزگاران) سەركەوت".

مەھدی نیاكی لە سەروتاری رۆژنامەی ئیبتكاردا سەر بە پارێزگاران نووسیوێتی: "رۆژی ھەینیی، رۆژێكی خۆش بوو بۆ عەشیرەتی ئۆمێدواران، بۆ ئەو كەسانی كە وزە و توانای میانەڕەوی و ریفۆرمیان تێدا ماوە و خۆیان نادەنە بەر تەوژمی تووندیی و نائارامیی. شێعرێكی نوێ كە لاپەڕەكانی دەنگیان خوێندەوە و داستانی میلەتێكی ھیواخواز نووسیان، بەڵام ھێشتا قسەی نەگوتراو شێعری نەنووسراو ماون".

نووسرە پێیوایە: "یەكەم خاڵ، زیندووبوونی ئەو ھەڵبژاردنە بوو، ریزی دوور و درێژی دەنگدان ئەوەی لێدەخوێندرایەوە، دووەم خەڵك لەسەر گەڵای دەنگ نووسیان عەقڵانیەت. نووسیان تووندڕەوی و قەیران و سەرلێشێواوییان ناوێت، لە نێو لیستەكاندا ئەو ناوانەیان ھەڵبژارد كە ھەرچەند كەمتر دەركەوتوون، بەڵام پاڵپشتیی كەسایەتییە میانەڕە و خۆراگرەكانیان لە پشتە".

ئامادەكردنی: لەیلا قادریی