منداڵانی بێسەرپەرشت فێری ئەلف و بێ دەكرێن
"ژمارەی منداڵانی بێ سەرپەرشت كەمیكردووە"

K24 - ھەولێر:
بە مەبەستی دانەبڕانیان لە قۆناغی باخچەی منداڵان و ئاشنابوونیان بە پیت و وشەی كوردی منداڵانی بێسەرپەرشت فێری ئەلف و بێی كوردی دەكرێن.
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بە پاڵپشتی كەسانی شارەزاو پسپۆر لە رێگەی سی دی و پەرتووكەوە ھەوڵدەدەن منداڵانی بێسەرپەرشت فێری الف و بێی كوردی بكەن.
لە لێدوانێكدا بۆ (كوردستان24) رووپاك عەبدولقادر، بەرپرسی زنجیرەی كتێبی منداڵان رایگەیاند: "لەو پڕۆژەیەماندا منداڵان لە رێگەی بین و بیستن لەسەر سیدی فێری پیت و ووشەی كوردی و شتەكانی دەوروبەر دەكەین، بۆیە یەكەم شوێن روومانكردە چاودێری كۆمەڵایەتی لەبەر ئەوەی ئەو منداڵانە بێبەشن لە زۆربەی شت".
زەیتۆ تۆفیق، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری كۆمەڵایەتیی بە (كوردستان24)ی گوت: "ژمارەی ئەو منداڵانەی بێسەرپەرشن و لە لایەن چاودێری كۆمەڵایەتی چاودێریان دەكرێت 24یان كوڕن و 11شیان كچن، لێرە وەك ھەر مندالێكی ئاسایی ژیانی رۆژانەیان بەسەر دەبەن".
ئەو منداڵانەی بەھۆی كێشە كۆمەڵایەتییەكان بێ سەرپەرشت دەبن لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی چاودێری كۆمەڵایەتی و لە خانەیەكی تایبەتدا چاودێری دەكرێن، بەپێی ئاماری ئەو بەڕێوەبەرایەتییە بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو ژمارەی منداڵانی بێ سەرپەرشت لە ھەرێمی كوردستان لە سەدا 50 كەمیكردووە.
داڕشتنەوە: ھ . م