نەریتخوازان ئێران: ئەمریکا سەرکەوتووە

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/f998039f-4015-4ce4-96ee-f272c63a6b79/Hershi%20%20neritxwzan.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

دوای ئەوەی ریفۆرمخوازان و میانڕەوه‌کان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کۆماری ئیسلامی ئێران، سەرکەوتنی بەرچاویان بەدەست هێنا، بناژۆخوازەکان دەڵێن: "ئەمە سەرکەوتنی پرۆژەیەکی ئەمریکایی بوو".

تۆڕێکی سەر بە ئەمریکا لە پشتەوەی هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی بووە. حسێن نەقەوی حسێنی، پاڵێوراوی تاران و سەر بە نەریتخوازان، دەڵێ: هاشمی رەفسەنجانی یەکێک لە سەرانی ئەم تۆڕەیە.

نەقەوی حسێنی، رۆژی هەینیی، بە فارسنیوزی راگەیاند: بەڵگەمان لەبەردەستە، چالاکییەکانی تۆڕی ئینترنێت و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەلایەن ئەمریکاوە بە مەبەستی تێکدانی کەسایەتیی نەرتیخوازان بەرێوەدەچوون.

جەواد کەریمی قودووسی، هەڵبژێرداراوی شاری مەشهەد و کەلات بۆ ئەم خولەی پەرلەمان کە ئەویش سەر بە نەریتخوازانە، هەر ئەو رۆژە گوتی: ناوەندە ئەکادیمیەکانی فەرەنسا و هۆلەندا، لەماوەی شەو و رۆژدا دەقی وتار و سەروتاری رۆژنامەکان و پرۆژەی کەلتووریی لەنێوبردنی سیستەمی کۆماری ئیسلامی بەرهەم دەهێنن.

عەلی ئەکبەر هاشمی رەفسەنجانی کە کەسایەتیی بەرچاوی میانەرۆکانە، دوای ئەوەی لەتاران بۆ ئەنجومەنی شارەزایان دەنگی یەکەمی هێنایەوە، لە پەیامێکدا گوتی: خراپەخوازان لە هه‌ڵبژاردنەکاندا دەستەودامێنی ئینگلیزەکان و وەهابی و سەلەفییەکان ببوون.

هەر لەورۆژەدا لە کاتێکدا، پێشنوێژانی نوێژی هەینی لە سەرانسەری ئێران، باسیان لە بەشداریی بەرچاوی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان کرد و وەک وەشاندنی گورزێک دژ بە ئەمریکا ناویان برد، حەمیدڕەزا تەڕەقی، ئەندامی بەڕێوەبەری حزبی مۆتەلیفەی ئیسلامی، لە رێگەی ئاژانسی فارس نیوزەوە، داوای لە سەرۆکی دەستەڵاتی دادوەری کرد وەک داوکاری گشتی داوای دادگاییکردنی ئەندامانی ئەم تۆڕە تێکدەرە بکات. 

لەم نێوەدا ئەحمەد خاتەمی، خوتبەخوێنی ئەم هەفتەیەی تاران، ویستی سەرینی خاترجەمی بخاتە ژێرسەری ریفۆرمخوازان و گوتی: ئەم هەڵبژاردنە ستراتێجیی کۆماری ئیسلامی ناگۆڕن.