فەرەنسا: پێویستە هەوڵی زیاتر بدرێ بۆ پێشوازیکردن لە پەنابەران

"فەرەنسا هەوڵەکانی زیاتر دەکات بۆ پێشوازیکردن لەو پەنابەرانەی کە پێشتر بەڵێنی دابوو پێشوازییان لێبکات"

K24-هەولێر

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، جان مارک ئێرلۆت رایگەیاند فەرەنسا هەوڵەکانی زیاتر دەکات بۆ پێشوازیکردن لەو پەنابەرانەی کە پێشتر بەڵێنی دابوو پێشوازییان لێبکات و پێویستە هەوڵی زیاتر بدرێ بۆ پێشوازیکردن لە پەنابەران.

جان مارک ئێرلۆت، ئەمڕۆ دووشەممە، راشیگەیاند: پێویستە لەسەر فەرەنسا "هەوڵەکانی زیاتر بکات" بۆ پێشوازیکردن لە کۆچبەران و ئەو کەسانەی کە داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن و پێشتر فەرەنسا بەڵێنی پێشوازیی لێکردنی پێدابوون.

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ (رادۆی فرانس ئینتەر) گوتیشی: "لەبارەی دابەشکردنی ئەو کەسانەی کە داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن، فەرەنسا بەڵێنی داوە و نەک هەر دەیەوێ رێز لە بەڵێنەکەی بگرێت، بگرە دەیەوێ ئەم پێشوازیی لێکردنە بە راستیی رووبدات".

ئاماژەشی کرد کە: "پێشبینیمان دەکرد بە درێژایی دوو ساڵ پێشوازیی لە 30 هەزار کەس بکەین و تا ئێستا پێشوازیمان لە نزیکەی 1000 کەس کردووە، پێویستە تەواو ئارەزوومەندانە هەوڵەکانمان زیاتر بکەین".

جان مارک ئێرلۆت دڵنیایی دا: "پشکی خۆمان دەبەین، بەڵام پێویستە ئەم پرسە ئارەزوومەندانە رووبدات، چونکە ئامرەزەکانی پێشوازیکردن لە پەنابەران لە فەرەنسا هەن".

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا باسی لەوەش کرد کە: "پێویستە بۆ نموونە پێشنیازێک بۆ یۆنان بخەینە روو کە بریتییە لەوەی هەر کەسێک لە سەنتەرەکانی تۆمارکردن و بەپێی یاسا ناویان نووسیوە دەتوانن بێن بۆ فەرەنسا".

پێشبینی دەکرێت یەکێتی ئەوروپا، ئەمڕۆ، لە میانی کۆبوونەوەی نوێنەرانی 28 وڵاتانی ئەندام لە ئەوروپا لە برۆکسڵ فشار بخاتە سەر تورکیا بۆ ئەوەی هاوکاربێ لە کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانی کۆچبەریی.

ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ساڵی رابردووەوە تا ئێستا 1.25 ملیۆن پەنابەر گەیشتوونەتە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا.

ئا: AFP، ئا ، ف