پنتاگۆن: دووپاتی دەكاتەوە كە ئەمریكا ھیچ بنكەیەكی سەربازی لە سووریا دروستنەكردووە
چەند رۆژێکە دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە ئەمریکا بەنیازە رۆڵی سەربازیی خۆی لە رۆژئاوای کوردستان فراوانتر بکات
K24 - ھەولێر:
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئەو راپۆرتانەی رەتکردەوە کە باس له دروستكردنی دوو بنكهی سهربازی ئهمریكی له باكووری سووریا واتا رۆژئاوای كوردستان دهكهن.
جێف دەیڤز، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەھیچ شێوەیەک بنکەی فڕۆکەوانی سەربازی لە سووریا دروست ناکەن و کاریش لەھیچ بنکەیەکی سەربازی ئەو وڵاتە ناکەن.
چەند رۆژێکە دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە ئەمریکا بەنیازە رۆڵی سەربازیی خۆی لە رۆژئاوای کوردستان فراوانتر بکات، بەوەی دوو بنکەی سەربازیی لە رمێلان و کۆبانێ دابمهزرێنێت.
بەڵام گوتهبێژی وهزارهتی بهرگری ئەمریکا نەیشاردووەتەوە کە نزیکەی 50 ئەفسەریان رەوانەی رۆژئاوای کوردستان کردووە، بەمەبەستی مەشق و راھێنان بهھێزهكانی سووریای دیموکرات و پڕ چەککردنی ئەو ھێزانە.
مانگی کانوونی دووەمی رابردوو، روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویكردبووهوه، بنکەی ئاسمانی رمێلان، نۆژەنکراوەتەوە و ئامادەیە بۆ بەکارھێنانی لەلایەن ھێزی ئاسمانی ئەمریکی.
ئەو دەنگۆیانە دوای ئەوە بڵاو بوونەتەوە كە لە سەرتایی مانگی شوباتی ئەمساڵ برێت ماكگۆرك، نوێنەری تایبەتی باراك ئۆباما لە ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی سەردانی كۆبانێ كرد لە رۆژئاوای كوردستان لەگەڵ بەرپراسانی سیاسی و سەربازی و پەیەدە كۆبووەوە.
داڕشتنەوە: ش،م