"سەردەمی کۆچکردنی نایاسایی بۆ ئەوروپا بەسەرچوو"

17 ئەم مانگە دوا وادەیە بۆ رێککەوتن لەبارەی کۆچبەرانەوە

K24-هەولێر

سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپا، دۆناڵد توسک رایگەیاند سەردەمی کۆچکردنی نایاسایی بۆ ئەوروپا بەسەرچوو.

ئەم لێدوانەی سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپا دوای لوتکەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا هات لەگەڵ تورکیا کە دوێنێ لە برۆکسل بەڕێوەچوو، کە تێیدا بڕیار درا لە رێکەوتی 17 و 18 ئەم مانگە دوا وادە بێ بۆ رێککەوتن لەگەڵ تورکیا لەبارەی قەیرانی کۆچکردن.

لە لوتکەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ تورکیا، ئەنقەرە پێشنیازی کرد هەموو کۆچبەرە نایاساییەکان وەربگرێتەوە و رۆڵ لە راگرتنی بە لێشاو چوونی کۆچبەران بۆ یەکێتی ئەوروپا بگێرێ بەرامبەر زیاتر یارمەتیدانی لە رووی داراییەوە، لە پاڵ هەڵوەشاندنەوەی سیستمی ڤیزەی چوونە ژوورەوەی هاووڵاتیانی تورک بۆ نێو یەکێتی ئەوروپا و دەستپێکردنەوەی قۆناغێکی نوێی دانووستاندن لەبارەی ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا.

تورکیا لەمبارەوە داوای سێ ملیار یۆرۆی دیکەی کرد لە ئەوروپا جیا لەو سێ ملیار یۆرۆیەی کە پێشتر لە یەکێتی ئەوروپای وەرگرت بۆ نیشتەجێکردنی 2.7 ملیۆن پەنابەری سووریا لە خاکی تورکیا و ئەنقەرە داوای کرد تاوەکوو ساڵی 2018 ئەوروپا ئەو سێ ملیار یۆرۆیەی پێبدات.

لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا، بیاتا شیدلۆ رایگەیاند: "رێککەوتنی یەکێتی ئەوروپا و تورکیا هەنگاوێکی گەورە دەبێ بە ئاراستەی چارەکردنی قەیرانی کۆچکردن لە ئەوروپا ئەگەر ئەو رێککەوتنە بە تەواوی جێبەجێ کرا".

ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی رێکخراوە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان لە ساڵی 2015وە تا ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک کۆچبەر گەیشتوونەتە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بە تایبەت ئەڵمانیا، هاوکات پێشبینی دەکرێت لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار و دواتر هاوین چوونی بە لێشاوی کۆچبەران بەرەو وڵاتانی ئەوروپا بە رێژەیەکی بەرچاو زیاد بکات.

سەرچاوە: رۆیتەرز، ئا: ئا ، ف