سێ وڵاتی دیكەی بەلكان سنوورەكانیان بە رووی پەناخوازان داخست

ھەر یەك لە وڵاتانی سلۆڤینیا، سڕبیا و کڕواتیا سنوورەکانی خۆیان بەرووی پەناخوازان

K24 - ھەولێر:

دوای مەكدۆنیا سێ وڵاتی دیكەی بالكان سنوورەکانیان بە رووی پەناخوازان داخست، رێگە نادەن پەناخوازان دەربازی وڵاتەكانیان بن.

ھەر یەك لە وڵاتانی سلۆڤینیا، سڕبیا و کڕواتیا سنوورەکانی خۆیان بەرووی پەناخوازان داخست و رایانگەیاند، چیدیکە رێگەنادەن پەناخوازان وڵاتەکەیان وەکو  دەرچە بەکاربێنن بۆ چوونە نێو وڵاتانی رۆژئاوای ئەوروپا.

بەم بڕیارەی ئەو سێ وڵاتە، بە ھەزاران پەناخواز کە زۆرینەیان خەڵکی سووریا و عێراقن، لەسەر سنووری ئەو سێ وڵاتە گیریانخواردووە.

تا ئێستا ھەشت وڵاتی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا خاڵی پشکنینیان لەسەر سنوورەکانیان داناوە بەمەبەستی رێگەگرتن لە شەپۆلی كۆچبەران بۆ وڵاتەکانیان لەو ھەشت وڵاتە ھەریەك دانیمارك، سوێد و نەمسای تێدایە.

بەھۆی شەڕ و نا ئارامیەكانی وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا شەپۆڵێكی گەورەی كۆچبەری رووی لە وڵاتانی ئەوروپاكردووە، داخستنی ئەو سنوورانە لە كاتێكدایە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و وڵاتانی ئەوروپا پێشبینیانكردووە، لەگەڵ نەمانی سەرما شەپۆڵی كۆچبەران بەرەوە وڵاتانی ئەوروپا زیاتر بێت.

 داڕشتنەوە: ش، م