خانەی چاپی کوردی لە بەغدا داوادەكات رەچاوی مافەكانی ژنان بكرێت لە دەستووری عێراقدا
داوا کرا پێداچوونەوە بکرێت بە کۆمەڵێک یاسا و داڕشتنەوەیان بۆ بكرێت، کە تیایدا مافەکانی ژنان لەبەرچاو بگرێت
K24 - ھەولێر:
خانەی چاپی کوردی لە بەغدا داوادەكات رەچاوی مافەكانی ژنان بكرێت و چەند یاسایەك دووبارە داڕشتنەوەیان بۆ بكرێت لە دەستووری عێراقدا.
بەبۆنەی رۆژی جیهانی ژنانەوە، خانەی چاپی کوردی لە بەغدا، ئاهەنگێکی رێکخست،لە ئاهەنگەکەدا باس لە ئازارو مەینەتییەکانی ژنانی عێڕاقی کرا، کە بەدرێژایی مێژوو ڕووبەڕووی بوونەتەوە، بەدەست رژێمە دیکتاتۆرەکان و ناوی چەندین ئافرەتیان لە مێژوودا بەنەمری ھێنا، کە توانیوویانە بەرەنگاری ستەم ببنەوە.
فەوزی ئەتروشی، بریکاری وەزارەتی رۆشەنبیری عێڕاق دەڵێت: " ژن هێمایە بۆ خۆشەویستی و وەفا و سۆز، ژن دایک و هاوسەر و کچ و خوشکە، زەردەخەنە جوانەکەی باوەشە پڕ لە میهر و سۆزەکەی ترووسکەی هیوا دەبەخشێت".
ھونەرمەند سەمەر محەمەد، گوتی: "هەموو ساڵێک ژنی عێراقی لە خۆشیدا بێت، ئافرەتی ئێمە زۆری چەشتووە، لە زوڵم و ستەمی رۆژگار، تا ئێستا، بەردەوامە لە بەرەنگارییەکانی ژیان و بەرخودان، بۆیە پیرۆزباییان لێدەکەم".
ژنە میدیاكار نەوال موسەوی گوتی: " سەرەڕای ئاستەنگەکان و باروودۆخی ئەمنی و داب و نەریتی کۆمەڵایەتی، ئافرەتی ئێمە، ئێستا لە قۆناغێکی پێشکەوتوو دایە، بۆیە تا بەربەستەکان زیاتر بن، ژنی عێراقی گیانی بەرەنگاری لا بەرزتر دەبێت، تەنانەت لە هەندێک بواردا پێش پیاو کەوتووەتەوە".
لە ئاهەنگەکەدا، داوا کرا پێداچوونەوە بکرێت بە کۆمەڵێک یاسا و داڕشتنەوەیان بۆ بكرێت، کە تیایدا مافەکانی ژنان لەبەرچاو بگرێت .
داڕشتنەوەی: ش، م