نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان ره‌خنه‌ له‌ توركيا ده‌گرێت

لە باره‌ى چۆنێتیی چارەسەركردنی كێشەی پەناخوازان بەرپرسانی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان رەخنە لە رێککەوتنەکەی نێوان یەکێتی ئەوروپا و تورکیا دەگرن.

K24 – هه‌ولێر:

لە باره‌ى چۆنێتیی چارەسەركردنی كێشەی پەناخوازان بەرپرسانی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان رەخنە لە رێککەوتنەکەی نێوان یەکێتی ئەوروپا و تورکیا دەگرن.

به‌رپرسانى نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان رايانگه‌ياند،ئەو رێککەوتنە دژی بنه‌ما مرۆییەکانە چونكە بەزۆر په‌ناخوازان  دەنێردرێنەوە.

ڤینزینت کۆچێتێل، رێكخه‌ری هه‌رێمیی بۆ كاروباری په‌ناخوازان له‌ رێكخراوی كۆچی نێوده‌وڵه‌تی  گوتى: ئەو رێککەوتنەی نێوان وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا و تورکیا بۆ ناردنەوەی په‌ناخوازانی نایاسایی بۆ تورکیا، بەگوێرەی یاساکانی یەکێتی ئەوروپا، کارێکی نایاساییە و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤیشە.

لەوەڵامی ئەو رەخنانەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا، دۆناڵد تاسک بەرپرسی ئەنجوومەنی یەکێتی ئەوروپا گوتى: ئەو رێککەوتنە ھیچ کێشەیەکی نییە و یاساییە و ھەفتەی داھاتووش لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا و بۆ گەیشتن بە قۆناغی کۆتایی رێککەوتنەکە كۆدەبینەوە.

 رێکخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تییش رايگه‌ياند، ئەو رێککەوتنە پڕە لە کێشە و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.

به‌ گوێره‌ى راگه‌يه‌ندراوى فه‌رميى، توركیا و یەكێتی ئەورووپا لەسەر ئەوە رێككەوتوون كە یەكێتی ئەورووپا بڕی 3 ملیار یۆرۆ بداتە توركیا وەك خەرجی گەڕاندنەوەی ئەو كۆچبەرانەی كە لە دەریای ئیجەدا دەستگیركراون یان بەشێوەیەكی نایاسایی گەیشتوونەتە خاكی یەكێتی ئەورووپا.

یەكێكی دیكە لە خاڵەكانی ئەو رێككەوتنە ئەوەیە كە لەبەرامبەر ھەر كۆچبەرێكی نایاسایی كە دەگەڕێندرێتەوە توركیا یەكێتی ئەورووپا كۆچبەرێك بە شێوەیەكی یاسایی وەربگرێ ئەمەش بە مەرجێك ئەو كۆچبەرە سووری بێت.

سه‌رۆك وه‌زيرانى توركيا له‌و باره‌يه‌وه‌ رايگه‌ياند، ئەو كۆچبەرانەی كە لە دەریای ئیجە یان لە خاكی یەكێتی بئەورووپا دەستگیردەكرێن دووبارە دەگەڕێندرێنەوە بۆ توركیا و لە بەرامبەریشدا ھەمان ژمارە كۆچبەری یاسایی رەوانەی ئەورووپا دەكرێن بە مەرجێك ئەو كۆچبەرانە بە رێگەی نایاسایی ھەوڵی رۆیشتنیان نەدابێت، ئەمە دەبێتە ھۆی ئەوەی ژمارەی كۆچبەران لە توركیا زیاد نەكات.

خەرجی گەڕانەوەی كۆچبەران لە ئەستۆی یەكێتی ئەورووپا دایە ھەروەھا خەرجی كۆچی پەنابەرانیش بۆ وڵاتی سێھەم بۆیە ھیچ خەرجییەك زیاد نابێ و ئەگەر ھەشبوو ئەوا بە رێككەوتن چارەسەر دەكرێت.

رێككەوتنی توركیا و یەكێتی ئەورووپا ھەر وا بە بێدەنگی لێكنەدرایەوە بەڵكوو بووە جێگەی رەخنەی توندی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ كە پێیان وابوو كە ئەو رێككەوتنە سەركەوتوو نابێت و دەشڵێن یەكێتی ئەورووپا دەیەوێت كێشەكانی بخاتە سەر توركیا.

دیدۆری دیبوركا، بەڕێوبەری بەرنامەی ڤیسیۆ، رايگه‌ياند، ئه‌وه‌ نموونەیەكی ئاشكرایە كە یەكێتی ئەورووپا دەیەوێت چارەسەری كێشەكانی بخاتە ئەستۆی توركیا وەك دیارە یەكێتی ئەورووپا یارمەتی دارایی توركیا دەكات بەڵام ئەو رێككەوتنە سەر ناگرێ چونكە پەنابەران رێگایەك دەدۆزنەوە بۆ كۆچكردن.

لە بەرامبەر دا سەرۆك وەزیرانی توركیا دەڵێت: ئەوان دەیانەوێ یارمەتی ئەو كۆچبەرانە بدەن كە دەیانەوێ بەڕێگای یاسایی بچنە ئەورووپا.

داوودئۆغڵۆ گوتيشى: ئامانجی ئێمە نەھێشتی كۆچی نایاسایی و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتیە دەمانەوێ یارمەتی ئەوانە بدەین كە دەیانەەوێ بەیاسایی بێنە ئەورووپا.

ساڵی رابردوو زیاتر لە 130 ھەزار پەنابەر لە رێگەی توركیاوە گەیشتوونەتە یۆنان و بەرپرسانی یەكێتی ئەورووپاش ھەمیشە توركیایان تۆمەتبار دەكرد بەوەی نایەوێ قەیرانی پەنابەران چارەسەر بكرێت.

رەنگە ئەم رێككەوتنەی دواییش بۆ پەنابەرە سووریەكان ھەواڵێكی ناخۆش نەبێت، بەڵام بۆ ئەو پەنابەرانەی كە عێراقی یان خەڵكی وڵاتانی دیكەن ھەواڵێكی كارەساتبارە چونكە چیدیكە ناتوانن لە سنوورەكانی توركیاوە دەربازی ئەورووپا ببن.