هه‌ڵه باوه‌كانی ددان شووشتن چین؟
ده‌بێ فڵچه‌ی ددان شووشتن دوای سێ مانگ بگۆڕدرێ
K24 – هه‌ولێر:
زۆرێك له ئێمه له كاتی شووشتنی ددان به هه‌ویری تایبه‌تی ددان و فڵچه، چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌ك ده‌كه‌ین، باوترین ئه‌و هه‌ڵانه‌ش ئه‌مانه‌ن:
-دوای ته‌واو بوونی شووشتنی ددان، ده‌مت به ئاو بشۆی هه‌ڵه‌یه، چونكه ئه‌و چینه فلۆرایده‌ی له هه‌ویری ددان هه‌یه له‌سه‌ر ددانه‌كات لاده‌چێ، بۆیه واباشتره له كۆتایی ددان شووشتن، گیراوه‌ی تایبه‌تی شووشتنی ده‌م و ددان كه له ده‌رمانخانه‌كان هه‌یه به‌كاربێنی.
-به‌كارهێنانی فڵچه‌ی دڕ و ره‌ق هه‌ڵه‌یه، چونكه له‌وانه‌یه ببێته هۆی برینداركردنی پووك و لابردنی چینی مینا له سه‌ر ددان، به‌مه‌ش ددانه‌كان زۆر هه‌ستیار ده‌بن.بۆیه پێویسته فڵچه‌ی نه‌رم و نیان به‌كاربێت له‌كاتی ددان شووشتندا.
-شووشتنی ددان به فڵچه دوای نانخواردن یه‌كسه‌ر كارێكی هه‌ڵه‌یه، پێویسته به‌لای كه‌م 30 خوله‌ك دوای نانخواردن ددان به فڵچه بشۆردرێ، چونكه ئه‌گه‌ر وانابێ زیان به چینی مینا سه‌ر ددان ده‌گه‌یه‌نێ.
-به‌كارهێنانی فڵچه بۆ شووشتنی ددان بۆ ماوه‌ی كه‌متر له دوو خوله‌ك، واناكا پاشماوه‌ی خۆراك له ناو ده‌م رابماڵدرێ. پێویسته له‌سه‌رخۆش فڵچه به‌كاربێنی.
-جێهێشتنی فڵچه له‌سه‌ر ده‌ستشۆر كارێكی هه‌ڵه‌یه و له‌وانه‌یه ببێته هه‌ڵگری به‌كتیریا.
-به‌كارهێنانی فڵچه بۆ ماوه‌یه‌كی دوور و درێژ ده‌بێته هۆی لاوازبوونی ریشاڵی فڵچه‌كان و ئه‌وه‌ش نه‌ریتێكی هه‌ڵه‌یه بۆ ددان شووشتن، به‌كارهێنانی فڵچه نابێ له سێ مانگ زیاتر تێپه‌ڕبێ.
سه‌رچاوه: huffpostarabi ، و: م.ح