بهغدا: ناڕهزایی له سهپاندنی باج و رسوومات
"وەزیر بۆی هەیە چەند رسووماتێک دابنێ"
K24 – بهغدا:
بەمەبەستی چارەسەرکردنی کورتهێنانی بودجە، حکوومەتی بەغدا، چەند هەنگاوێکی ناوە بۆ سەپاندنی باج و رسوومات بهسەر هاووڵاتییان ئەمەش ناڕەزایی لێکەوتووهتهوه.
بەتایبەت کەرتی پەروەردە کە دوارۆژی قوتابی و خوێندکاران دەخاتە مەترسییەوە و بارێکی قورسیش دەخاتە سەر شانی هاووڵاتییان.
هاووڵاتییهك دهڵێ: "بەڕای من کێشانەوەی پارە لە هاووڵاتی ئاسایی لە پێناو پڕکردنەوەی کورت هێنانی بودجە، شتێکی هەڵەیەو بارێکی قورس دەخاتە سەر شانی هاووڵاتی".
هاووڵاتییهكی دیكهش ئاماژه بۆ ئهوه دهكا: "پەروەردە لەم وڵاتە شکستیی خواردووە و بهمهش زیاتر شكستدێنێ، دایک و باوکی خوێندکار چۆن فریای ئەم هەموو خەرجییانە دەکەوێ".
ئینتیساڕ غەرباوی ئەندامی لیژنەی پەروەردەو فێرکردن لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاقیش گوتی: "لەگەڵ شاندەکەی وەزارەتی پەروەردە، گفتوگۆمان کرد لەبارەی ئەم رسوماتانە و بەیاننامەیەکمان بڵاوکردەوەو داوامان کرد رێژەکەی کەم بکرێتەوە".
گوتیشی: "چونکە رێژەکەی زۆر بەرزە و لە توانای کەس و کاری قوتابی و خوێندکاراندا نییە، بەڵام دەکرێت، بەرێژەیەکی کەم چەند رسوماتێک هەبن".
لای خۆیهوه جەمیلە زێدان جاف سەرپەرشتیاری گشتیی لە وەزارەتی پەروەردەی عێڕاق گوتی: "ئەو رسوماتانەی پهسهندكراون، بەگوێرەی بودجەی ٢٠١٦ وەزیر بۆی هەیە چەند رسوماتێک دابنێ بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجەی وەزارەتەکەی".
پهیامنێر: عهلی ئهركهوازی
داڕشتنهوهی: م.ح