ئاماری قوربانیانی شەڕی پێنج ساڵەی سووریا بڵاوکرایەوە
"بە سەدان هەزار کەس کوژراون و بە ملیۆنەها پەنابەرن"
K24- هەولێر
روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند مارەی قوربانیانی شەڕی پێنج ساڵەی سووریا گەیشتە 270 هەزار کوژراو و زیاتر لە نیوەی گەلی سووریا یان ئاوارەن یاخود پەنابەر.
روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ کە رێکخراوێکی بەرهەڵستکاری حکوومەتی سووریایە لە نوێترین راپۆرتی لەبارەی ژمارەی قوربانیانی شەڕی نێوخۆی سووریا، راشیگەیاند: "تا ئێستا 270 هەزار و 138 کەس کوژراون کە زۆربەیان شەڕکەر بوونە و زیاتر لە نیوەی گەل بەدەر دراون و چەند ناوچەیەک بە تەواوی کاول کراون بەهۆی شەڕی سووریا کە زۆری نەماوە پێ بناتە ساڵی شەشەمییەوە".
بەپێی روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ و چەند رێکخراوێکی نێودەوڵەتیی ئامارەکانی قوربانیی و زیانەکانی شەڕی نێوخۆیی سووریا بەم شێوەیەن:
270138 کوژراو کە زۆربەیان شەڕکەر بوونە
80000 کوژراوی سڤیل کە 13500 یان منداڵن
13000 هاووڵاتیی سووریا لە ژێر ئەشکەنجەدا لە بەندیخانەکانی حکوومەت گیانیان لە دەستداوە
200000 کەس هێشتا لە بەندیخانەکانی حکوومەتی سووریادان
177 نەخۆشخانە خاپوورکراون
700 کادری بواری پزیشکیی کوژراون
1000000 بریندار هەن
13500000 هاووڵاتیی سووریا بەهۆی جەنگەوە زیانیان بەرکەوتووە
486700 هاووڵاتیی سووریا لە ناوچە گەمارۆدراوەکان لە سووریا دەژین
4700000 هاووڵاتیی سووریا لە وڵاتەکەیانەوە هەڵاتوون
58 ملیار دۆلار زیان بە ئابووریی و کەرتی نەوت و گازی سووریا گەیشتووە
ئا: ئا ، ف