پرسی كۆچبەران سەركردەكانی ئەوروپا لە پاریس كۆدەكاتەوە

گفتوگۆی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا ئامادەکارییە بۆ کۆبوونەوەکەی ھەفتەی داھاتووی برۆکسل.

K24 - ھەولێر:

سەرکردەی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی قەیرانی پەنابەران و ئامادەکاری بۆکۆبوونەوەی ھەفتەی داھاتووی برۆکسل لە پاریسن.

نۆ سەرکردەی یەکێتیی ئەوروپا لە پاریسن  بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ فرانسوا ئۆلاند سەرۆکی فەرەنسا و مانوێل ڤالس سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە لە بارەی پرسی چاکسازیی ئابووریی ئاسایشی یەکێتیی ئەوروپا و ئەو کێشانەی کە وڵاتانی ئەوروپا بەھۆی پەنابەرانەوە روبەڕووی بوونەتەوە،بابەتێکی دیکەی کۆبوونەوەکە پرسی مانەوە یان دەرچوونی بەریتانیایە لە یەکێتیی ئەوروپا.

 فێدریکا مۆگیرینی، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، پێێر مۆسکۆڤیچ، کۆمیسیاری دارایی یەکێتیی ئەوروپا، مارتن شۆڵز سەرۆکی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا بەرشداری گفتوگۆکان دەبن.

ئەو کۆبونەوەیە لە کاتێکدایە کە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا رێوشوێنی توندیان بەرامبەر پەنابەران گرتووەتە بەر و بڕیارە لە کۆبوونەوەی ھەفتەی داھاتووی برۆکسل بەھەزاران پەنابەر رەوانەی تورکیا بکرێنەوە.

داڕشتنەوە: ش ،م