ئۆباما: ئەردۆغان زۆردارێکی شکستخواردووە
ئەنقەرە داوا لە ئۆباما دەکات داوای لێبوردن بکات
24-هەولێر
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، باراک ئۆباما رایگەیاند سەرۆکی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان کەسێکی زۆردار و شکستخواردووە.
باراک ئۆباما کە تەنیا 8 مانگی ماوە خوولەکەی کۆتایی بێت لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ گۆڤاری (زە ئەتلانتیک)، لەبارەی ئەردۆغانەوە راشیگەیاند: "سەرەتا بە سەرکردەیەکی موسڵمان و میانڕەوم دەزانی کە دەکرا ببێتە پردێک لە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا، بەڵام ئەو کەسێکی زۆردار و شکستخواردووە".
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەبارەی سەرۆکی تورکیاوە گوتیشی: "ئەو خوازیار نییە سەقامگیریی بۆ سووریا بگەڕێتەوە ئەمەش بە روونی ئاشکرا بوو کاتێک رەتیکردەوە سوپا زەبەلاحەکەی بۆ راگرتنی خوێنبەربوونی سووریا بەکاربهێنێ".
بەڵام هاوکات لەگەڵ ئەم لێدوانانەی باراک ئۆباما، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی لە کۆشکی سپی، مارک سترۆ رایگەیاند کە: "سەرۆک ئەردۆغان هاوبەشیکی سەرەکییە لە هاوپەیمانێتییەکەمان لە دژی رێکخراوی داعش و ئیدارەی ئەمریکا زۆر پابەندە بە ئاسایشی تورکیاوە".
ئەمە لە کاتێکدایە ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا رەخنە لە تورکیا و بە تایبەت سەرۆکی ئەو وڵاتە دەگرن لەبارەی "بەرتەسککردنی" ئازادیی رادەربڕین لە تورکیا و هەڵوێستی ئەنقەرە لەبارەی شەڕی نێوخۆیی سووریا بە هەڵە ناودەبەن.
ئا: ئا ، ف