باڵیۆزی سعودییە رەتی دەکاتەوە باڵیۆزخانەكەیان لە بەغداوە بگوازنەوە بۆ ھەولێر
"لەناو براکانی خۆمانین و پێویست بەوە ناکات باڵیۆزخانەکە بگوازینەوە بۆ هەولێر".
K24 - ھەولێر:
سامر سەبھان، باڵیۆزی سعودییە لە عێراق رەتی دەکاتەوە باڵیۆزخانەكەیان لە بەغداوە بگوازنەوە بۆ ھەولێر بەھۆی ھەڕشەكانی موقتەدا سەدر.
سامر سەبهان دەڵێت: "ئێمە بەردەوام لە هەوڵی باشکردنی پەیوەندییەکانمانین لەگەڵ برایانمان لە عێڕاق، ئێستاش لە نێو براکانی خۆمانین و پێویست بەوە ناکات باڵیۆزخانەکە بگوازینەوە بۆ هەولێر".
دوای هەڕەشەکانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدڕ، بە ئەنجامدانی خۆپیشاندانەکان لە ناوچەی سەوز، دەنگۆی گواستنەوەی بالیۆزخانە سعودییە لە بەغداوە بۆ هەولێر هاتە ئاراوە.
موقتەدا سەدر لە راگەیەندراوێکدا، لە 8 ی ئەم مانگە بڵاوی کردووەتەوە گوتی: پەیامی ئاشتی و دڵنیایان دەدەمە نوێنەرایەتییەكانی وڵاتان بەدەر لە داگیركەران (ئەمریكا و بەریتانیا)، چونكە ئێمە میللەتێكین ھیچ كات دەستدرێژی ناكەینە سەر میوانەكانمان، گەر گەل بیەوێت بچێتە ناوچەی سەوز ھیچ دستدرێژییەكیان ناكرێتە سەر، دەستدرێژی بۆ سەر میوانەكانمان بە دەستدرێژی دەزانم بۆ سەر ئێمە.
داڕشتنەوە: ش، م