ژنانی توشبوو بەماددەی ھۆشبەر لە ئێران دوو ھێندەی پیاوانە

لە 43% ئێرانییه‌ زیندانی كراوه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ له‌ سه‌ر مادده‌ی هۆشبه‌ره‌وه‌ زیندانی كراون.

K24 - ھەولێر:

ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی ھۆشبەری  ئێران رایگەیاند، ژنانی توشبوو بەماددەی ھۆشبەر لە ئێران دوو ھێندەی پیاوانە.

پەرویز ئەفشار، گوتەبێژی ناوەندی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ماددەی ھۆشبەر، بە ئاژانسی ئیلنای ئێرانی راگەیاندووە، لە 43% ئێرانییه‌ زیندانی كراوه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ له‌ سه‌ر مادده‌ی هۆشبه‌ره‌وه‌ زیندانی كراون.

به‌ گوته‌ی ئه‌فشار تا ئێستا ئامارێكی فه‌رمیی نییه‌ له‌ باره‌ی ئه‌و ژنانه‌ی له‌ ئێران به‌هۆی مادده‌ی هۆشبه‌ره‌وه‌ زیندانی كراون، بەڵام پێشتر شەھیندۆخت مەولاوێردی رایگەیاندبوو، رێژەی پەرەسەندنی ئالودە بوون بە ماددەی ھۆشبەر لەناو ژنانی ئێراندا به‌راورد به‌ پیاوان دوو ھێندەیه‌.

بە گوتەی مەولاوێردی 60% ژنانی زیندانی كراو لە ئێراندا بەھۆی ماددەی ھۆشبەرەوه‌یه‌، كە لەو ئامارە 70% لە رێگەی ھاوسەرەكانیانەوە بوونەتە بەكارھێنەر یان فرۆشیاری ماددەی ھۆشبەر.

به‌گوێره‌ی ئاماری فه‌رمی راگه‌یه‌ندراو، له‌ سه‌رتاسه‌ری ئێراندا ملیۆنێك        370 هه‌زار ئالوده‌بووی به‌مادده‌ی هۆشبه‌ر هه‌یه‌.

 داڕشتنەوە: ش، م