له دوبهى مێردمنداڵێكى بريتانى 250 ههزار دۆلارى بردهوه
ژمارەیەكی زۆر لە ھەوادارانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە یەكەم كێبڕكێی كەنداو بۆ فڕۆكەی بچووك لە ئیمارات بەشدارییان كرد.
K24 – ههولێر:
ژمارەیەكی زۆر لە ھەوادارانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە یەكەم كێبڕكێی كەنداو بۆ فڕۆكەی بچووك لە ئیمارات بەشدارییان كرد. لە دوای 2 رۆژ كێبڕكێكردن و ماندووبوونێكی زۆر و بەكارھێنانی بەھرەی تایبەت، ھاووڵاتییەكی 15 ساڵی بەریتانی خەڵاتی یەكەمی بردەوە.
ئیمارات لە كردنەوەی یەكەم كێبڕكێی وڵاتانی كەنداو بۆ فڕۆكەی بچووك دەستپێشخەری كرد. بۆ ماوەی 2 رۆژ ئەو فڕۆكانە لە ڕێڕەوێكی روناككراو بە نیۆن پێشبڕكێیان لەسەر پلەكانی یەكەم و دووەم ئەنجامدا، بەڵام جوانی كێبڕكێیەكە لە خێرایی و دەنگ و جوڵەی فڕۆكەكان خۆی بەرجەستە دەكرد.
عومهر عولەما، سكرتێری گشتی یەكێتی جیھانی بۆ كێبڕكێی فڕۆكە گوتى: دوبەی شارێكە داھاتووی ھەیە. ئێمە پێشبینی كێبڕكێی مەزنی ھاوشێوەی ئەم فڕۆكانە و چەندانی دیكەی لێدەكەین. ھیوادەخوازین ئەم رووداوە گرنگانە رۆڵیان ھەبێت لە پاڵنانی خەڵك بۆ كاركردن لە بواری داھێنان و تەكنەلۆجیا و گەشەپێدان.
ئەم كێبڕكێیە دەرفەتێكی گەورەبوو بۆ ھەوادارن، بەوردی و لە نزیكەوە كارامەیی لێخوڕینی فڕۆكەكان ببینن، جگە لە چێژوەرگرتن و بەسەربردنی كاتێكی خۆش.
ههوادارێكى ئهو كێبڕكێيه گوتى: ئەمە كێبڕكێیەكی زۆر خۆشە. ھیچ رووداوێكی فڕۆكەوانی ھاوشێوەی ئەوەی ئێستام نەبینیوە. لە ژمارەیەك لە كێبڕكێی ئەوروپادا بەشداریم كردووە، یەكێیكیش لە ئەمریكا، بەڵام ئەمەیان لە ھەمووی گەورەتر بووە. لە ھەموو خۆشتر خەڵاتەكەی زۆر گەورەیە.
ههروهها گوتى: كێبڕكێیەكی زۆر بێھاوتا و تایبەتە. ئێمە تەنیا راھاتووین كێبڕكێی ئۆتۆمبێل ببینین. زۆر خۆشە و كاتێكی زۆر جیاواز بەسەر دەبەی.
یەكێك لەو پاڵنەرانەی رووداوەكەی پڕ چێژ و ركابەری كردبوو، خەڵاتەكەی بوو، لوك بانیستەر تەمەن 15 ساڵ و ھاووڵاتی بریتانی پلەی یەكەمی بەدەستھێنا و 250ھەزار دۆلاری بردەوە.




