داعش دەستی بەسەر شارێکی دیکەی عێراق گرتەوە
K24-هەولێر
ئەفسەرێکی پلە باڵای سوپای عێراق رایگەیاند چەکدارانی داعش، ئەمڕۆ دووشەممە، دووبارە دەستیان بەسەر شارۆچکەی روتبە لە رۆژئاوای عێراق گرتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە چەند سەرچاوەیەکی باڵا و بەرپرسی عێراق رایانگەیاند کە چەکدارانی داعش لە شارۆچکەی روتبە (390 کم رۆژئاوای بەغدا) لە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق بەرەو شارۆچکەی قائیم لەسەر سنووری سووریا کشانەوە.
ئەفسەرێکی سوپای عێراق بە پلەی عەمید کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ راشیگەیاند کە: "رێکخراوە تیرۆریستییەکە بەیانی ئەمڕۆ دووبارە دەستی بەسەر شاری روتبەدا گرتەوە، لە کاتێکدا دوێنێ لێی کشایەوە بەرەو شاری قائیم".
گوتیشی: "چەکدارانی داعش لە قائیمەوە بە تانک و تۆپخانە و ئۆتۆمبێلی سەربازیی و چەک و تەقەمەنییەوە هاتنەوە و تانک و تۆپخانەیان لە دەروازەکانی روتبە جێگیر کردووە بۆ ئامادەکاریی بۆ هەر هێرشێک بکرێتە سەریان".
ئەفسەرەکەی سوپای عێراق ئاماژەشی کرد کە: "سەرکردە بیانیی و عەرەبەکانی داعش نەگەڕاونەتەوە روتبە، ئەوەی لەوێن تەنیا دانیشتوانی ئەو شارەن کە هەڵخەڵەتێنراون و سەر بە داعشن".
لای خۆیەوە ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار گەڕانەوەی چەکدارانی داعشی بۆ روتبە پشتراست کردەوە.
هاوکات قایمقامی روتبە، عیماد ئەحمەد گەڕانەوەی چەکدارانی داعشی پشتراست کردەوە و گوتی: "داعش فێڵی لە دانیشتوانی روتبە کرد و وای تێگەیاندن کە کشایەوە، بەڵام دوای 12 کاتژمێر شارەکەی کۆنتڕۆڵ کردەوە".
قایمقامی روتبە گوتیشی: "پێموایە داعش ویستی دانیشتوانی روتبە وا تێبگەیەێ کە کشاوەتەوە بە ئامانجی ئەوەی شانە نووستووەکانی نێو دانیشتوانی شارەکە و هاوکارەکانی هێزە ئەمنییەکان ئاشکرا بکات".
لە ساڵی 2014 وە چەکدارانی داعش دەستیان بەسەر شارۆچکەی روتبە و ناوچەکانی دوروبەری لە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق گرتووە، لە کاتێکدا شارۆچکەی روتبە بە رێگەیەکی سەرەکی بەستنەوەی عێراق بە سووریا و ئوردن دادەنرێت.
سەرچاوە: AFP، ئا: ئا ، ف