یونیسێف: شەڕ کاریگەریی کردووەتە سەر 8 ملیۆن منداڵی سووریا
ئامارەکان ترسناکن
K24-هەولێر
رێکخراوی یونیسێف بۆ منداڵیی کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە رایگەیاند شەڕی پێنج ساڵەی سووریا کاریگەریی کردووەتە سەر 8 ملیۆن منداڵی ئەو وڵاتە کە بەشێکیان هێشتا لە سووریان یاخود لە وڵاتانی دەرهاوسێ پەنابەرن.
رێکخراوی یونیسێف لە راپۆرتێکدا کە بە بۆنەی پێنجەمین ساڵیادی دەستپێکردنی شەڕی سووریا ئامادەی کردووە و ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوی کردەوە دەڵێ: "بەپێی خەمڵاندنی یۆنیسێف نزیکەی 8 ملیۆن و 400 هەزار منداڵی سووریا واتا زیاتر لە 80% منداڵانی سووریا کاریگەریی شەڕیان لەسەرە چی لە نێوخۆی وڵاتەکەیان بێ یاخود وەک پەنابەر لە وڵاتانی دەرهاوسێ".
بەپێی راپۆرتەکەی رێکخراوی یونیسێف دۆخی منداڵانی سووریا بەم شێوەیەیە:
3700000 منداڵی سووریا واتا یەک لەسەر سێی منداڵانی سووریا لە شەڕی سووریا لەدایکبوونە
151000 منداڵ لە کۆی ئەو 3700000 منداڵە لە ساڵی 2011 وەک پەنابەر لەدایکبوونە
7000000 منداڵی سووریا لە هەژاریدا دەژین
1500 پێشێلکاریی خراپ تەنیا لە ساڵی 2015 بەرامبەر بە منداڵانی سووریا کراوە
60% ئەو پێشێلکارییانە بریتی بونە لە کوشتن و شێواندن بەهۆی تەقینەوە لەو ناوچانەی کە خەڵکی سڤیل تێیاندا دەژین
یەک لەسەر سێی ئەو منداڵانە لە کاتی بوونیان لە قوتابخانە یان لە رێگەی قوتابخانە کوژراون
ژمارەی پەنابەرانی سووریا لە وڵاتانی دەرهاوسێی ئەو وڵاتە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2012 دە هێندە زیادی کردووە و نیوەیان منداڵن
15000 منداڵی سووریا لە کەسوکاریان جیابوونەتەوە و سنووری سووریایان بەزاندووە بەرەو وڵاتێکی دیکە
بە ملیۆنەها منداڵانی سووریا بەهۆی شەڕەوە پێش لە وادەی خۆیان گەورە بوونە
دەرچوونی منداڵانی سووریا لە قوتابخانە بەردەوامە و زۆریان ناچار دەکرێن کار بکەن، هاوکات کچانیش ناچار دەکرێن زوو شوو بکەن
لە ساڵانی سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ لە سووریا تەمەنی منداڵانی چەکدار لە نێو هێز و گرووپە چەکدارەکان لە نێوان 15 بۆ 17 ساڵ بوو
بەڵام لە ساڵی 2014وە "هەموو" لایەنە بەشدارەکانی لە ململانێی سووریا دەستیان بە رێکخستنی منداڵانی تەمەن بچووکتر کردووە لە ریزەکانی خۆیان و هەندێک جار تەمەنی ئەو منداڵانە حەوت ساڵان بووە و بەبێ رەزامەندی باوانیان چەکدار کراون
منداڵانی سووریا بۆ ئەنجامدانی هێرشی خۆکوژیی و کوشتنی کەسانی دیکە بەکاردەهێنرێن
2100000 منداڵ لە نێوخۆی سووریا و 700000 منداڵ لە وڵاتانی دەرهاوسێی لە قوتابخانە دابڕاون
270000 هاووڵاتی سووریا بەهۆی شەڕی پێنج ساڵە لەو وڵاتە کوژراون
بە ملیۆنەها هاووڵاتی سووریا ئاوارە و پەنابەرن
ئا: ئا ، ف