ستافان دی میستۆرا: پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات خاڵی گرنگی دانووستانەكانی سووریا دەبێت
"ئەگەر دانووستانەكان سەریان نەگرت، ئەوە كێشەی سووریا بۆ ئەنجومەنی ئاساییش بەرز دەكەینەوە"
K24 - ھەولێر:
ستافان دی میستۆرا ، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سوورریا دەڵێت، پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات خاڵی گرنگی دانووستانەكانی سووریایە.
ستافان دیمستۆرا، بەر لە دەستپێكردنی كۆبوونەوە لەگەڵ شاندی حكوومەتی سووریا، رایگەیاند: پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات لە سووریا خاڵی ھەرە گرنگی دانووستانەكانی ئەمڕۆ دەبێت.
ستافان دی میستۆرا گوتیشی: ئەگەر دانووستانەكان سەریان نەگرت، ئەوە كێشەی سووریا بۆ ئەنجومەنی ئاساییش بەرز دەكەینەوە.
ستافان دی میستۆرا، ئەوەشی ئاشكراكرد دوای دانووستاندنەكان ھیچ پلانێكیدیكە نیە جگە لە گەڕانەوە بۆ شەڕ لە سووریا.
ئەمڕۆ دانووستانەكانی جنێڤ لەسەر دۆخی سووریا بە بەشداری شاندی ئۆپۆزسیۆن و حكومەتی سووریا لە جنێڤ دەست پێدەكەن و تا 24 ی ئەم مانگە بەردەوامدەبێت، دانوستاندنەكانی ئەمجارە بە سێ خوول دەبێت.
لەبارەی بەشداری كورد لە دانووستانەكانی جنێڤ لە سەر دۆخی سووریا دوێنێ ساڵح موسلیم ھاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) رایگەیاند، تا ئێستا ھیچ بانگێشتنامەیەکیان بۆ نەھاتووە، سەبارەت بە بەشداریکردنیان لە گەڕێکی نوێی دانووستانەکانی جنێڤ کە لەنێوان رژێمی سووریا و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا بەسەرپەرشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بەڕێوەدەچیت.
داڕشتنەوە: ش ،م