بە فەرمی لێپێچینەوە لەگەڵ دیێگۆ کۆستا ده‌ستی پێكرد

بە سووکایەتیکردن بە هاندەرانی ئێڤەرتۆن تاوانبار كراوه‌

K24 ـ له‌نده‌ن

فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگڵتەرا بە فەرمی کەیسی لێپێچینەوەی لەگەڵ دیێگۆ کۆستای هێرشبەری یانەی چێڵسی ئینگلیزی کردەوە و لەوانەیە ئەو یاریزانە ئیسپانییە سزا بدرێت.

فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگڵتەڕا لە بەیاننامەیەکیدا رایگەیاندووە، کۆستا لە یاریی یانەکەی لە جامی (فا) لە بەرامبەر ئێڤەرتۆن، بە سووکایەتیکردن بە هاندەرانی یانەی ئێڤەرتۆن و جێنەهێشتنی یاریگە لە دوای کرانە دەرەوەی بە کارتی سوور تۆمەتبارە و، كۆستا ئەو هێرشبەرەی بلووز تاکو رۆژی پینجشەممە دەرفەتی هەیە، روونکردنەوەی پیویست لەبارەی ئەو کەیسە بدات.

کۆستا لە یاریی بەرامبەر ئێڤەرتۆن کە چێڵسی تووشی شکست بوو، بە کارتی سوور کرایە دەرەوە و سەرەتا بە گازگرتن لە گاری باری تۆمەتبار کرا، بەڵام دواتر ئەو ناوەراستکارە ئینگلیزییە لە تویتەر رەتیکردەوە کۆستا گازی لێگرتبێت.