عێراق.. هەڵمەتی "رزگارکردنی" ناوچەکانی رۆژئاوای ئەنبار دەستیپێکرد
K24-هەولێر
فەرماندەی کردەوە هاوبەشەکانی سوپای عێراق، ئەمڕۆ شەممە، رایگەیاند هەڵمەتی رزگارکردنی ناوچەکانی رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار لە بندەستی داعش دەستیپێکرد.
فەرماندەی کردەوە هاوبەشەکانی سوپای عێراق لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "کاتژمێر شەشی بەیانی ئەمڕۆ شێرەکانی عێراق هێزە چەکدارەکان و حەشدی هۆزەکان و هێزی ئاسمانیی عێراق و فڕۆکەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی هەڵمەتی رزگارکردنی ناوچەکانی رۆژئاوای ئەنباریان لە بندەستی چەتەکانی داعشی تیرۆریست دەستپێکرد".
هاوکات سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنباری رۆژئاوای عێراق، سەباح کەرحوت رایگەیاند: "هەڵمەتی رزگارکردنی شارۆچکەی هیت و شارەدێی کوبێسە (70 کم رۆژئاوای رومادیی) بەیانی ئەمڕۆ دەستیپێکرد بە پاڵپشتیی فڕۆکەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی و هێزی ئاسمانیی عێراق".
سەباح کەرحوت گوتیشی: "هێزە ئەمنییەکان و چەکدارانی هۆزەکان لە سەربازگەی عەین ئەسەدەوە بەرەو سەنتەری شارۆچکەکە و شارەدێکە پێشڕەویان کردووە".
ئەمە لە کاتێکدایە چەند شار و شارۆچکەیەکی دیاری پارێزگای ئەنبار هێشتا لە بندەستی چەکدارانی داعشدایە، هەرچەندە داعش مانگی رابردوو شاری رومادی ناوەندی پارێزگای ئەنبار لە دەستدا و سوپای عێراق ناچاری کرد بەرەو ناوچەکانی دیکەی پارێزگاکە بکشێتەوە.
ئا: ئا ، ف