تورکیا و ئەوروپا لەبارەی گەڕاندنەوەی کۆچبەران رێککەوتن

رێککەوتنەکە لە سبەی یەکشەممە جێبەجێ دەکرێت و چینێکی دیاری کۆچبەران دەگرێتەوە

K24-هەولێر

چەند سەرکردەیەکی یەکێتی ئەوروپا رایانگەیاند وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا (28 وڵاتن) رێککەوتنێکی بناغەییان لەگەڵ تورکیا واژۆ کرد و بەپێی ئەو رێککەوتنە هەموو ئەو کۆچبەرانەی کە لە رۆژی یەکشەممەوە (سبەی) بەدواوە دەگەنە دوورگەکانی یۆنان دەگەڕێندرێنەوە تورکیا.

ئەم پێشهاتە لەکاتێکدایە یەکێتی ئەوروپا دەڵێ رووبەڕووی خراپترین قەیرانی کۆچبەریی بووەتەوە لە ساڵی 1945وە. هاوکات بە درێژایی ساڵی رابردوو ئەوروپا بەردەوام داوای لە تورکیا دەکرد رێگە لە چوونی بە شەپۆلی کۆچبەران بگرێت بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا.

هەموو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسل رێککەوتنەکەیان لەگەڵ تورکیا پەسەند کرد و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپا، دۆناڵد تادک نوێنەرایەتی یەکێتییەکەی کرد و سەرۆک وەزیرانی تورکیاش، ئەحمەد داوودئۆغڵۆ نوێنەرایەتی وڵاتەکی کرد بۆ واژۆکردنی ئەو رێککەوتنە.

هاوکات سەرۆک وەزیرانی چیک، بۆهۆسڵاڤ سۆبۆتکا لە ئەکاونتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیی: "رێککەوتنەکە لەگەڵ تورکیا پەسەند کرا، لە یەکشەم بەدواوە هەموو ئەو کۆچبەرانەی کە لە تورکیاوە دەگەنە یۆنان بەدەر دەدرێن".

لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی تورکیا، ئەحمەد داوودئۆغڵۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئەمە رۆژێکی مێژووییە، چونکە گەیشتین بە رێککەوتنێکی زۆر گرنگ لە نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا".

ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی یەکێتی ئەوروپا و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان تەنیا لە ساڵی 2015 دا نزیکەی 1.2 ملیۆن کۆچبەر کە زۆربەیان لە شەڕی سووریا و عێراق و ئەفغانستانەوە هەڵاتوون گەیشتنە ئەوروپا.

بەپێی ئەم رێککەوتنە یەکێتی ئەوروپا بڕی هاوکاری بۆ تورکیا لە سێ ملیار یۆرۆوە بۆ 6 ملیار یۆرۆ زیاد دەکات و دانووستانەکانی ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا دەستپێدەکاتەوە.

سەرچاوە: AFP، ئا: ئا ، ف