سوپای عێراق شارێکی دیکەی ئەنباری لە بندەستی داعش دەرکرد

"خۆی بۆ گرتنەوەی شارۆچکەی هیت ئامادە دەکات"

K24-هەولێر

ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنباری رۆژئاوای عێراق رایگەیاند سوپای عێراق شارەدێی کوبێسەی (160 کم رۆژئاوای رومادی) لە ئەنبار لە بندەستی چەکدارانی داعش دەرکرد و ئاڵای عێراقی لەسەر باڵەخانە فەرمییەکانی هەڵکرد.

سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار، راجح بەرەکات ئەلعیساوی راشیگەیاند: "هێزە ئەمنییەکان هەڵمەتێکی سەربازییان ئەنجامدا بۆ بەئامانجکردنی گردبوونەوەکانی چەتەکانی رێکخراوی داعش لە ناوچەکانی رۆژئاوای رومادی (ناوەندی پارێزگای ئەنبار) و دەرئەنجام بووە هۆی پاککردنەوەی شارەدێی کوبێسە و کوژرانی دەیان چەکداری رێکخراوەکە و تێکشکاندنی چەند ئۆتۆمبێلێکیان و ئاڵای عێراق لەسەر باڵەخانە فەرمییەکان لە شارەدێکە هەڵکرا".

ئەلعیساوی گوتیشی: "هێزە ئەمنییەکان ئێستا کار دەکەن بۆ پوچەڵکردنەوەی بۆمبە چێندراوەکان و خانووە بۆمبرێژکراوەکان لە ناوچەکانی شارەدێی کوبێسە بۆ پاراستنی پێشڕەوی یەکە سەربازییەکان لە ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوا بۆ رزگارکردنیان لە بندەستی رێکخراوی داعش".

ئەمە لە کاتێکدایە فەرماندەی کردەوە هاوبەشەکانی سوپای عێراق، دوێنێ، لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "کاتژمێر شەشی بەیانی ئەمڕۆ شێرەکانی عێراق هێزە چەکدارەکان و حەشدی هۆزەکان و هێزی ئاسمانیی عێراق و فڕۆکەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی هەڵمەتی رزگارکردنی ناوچەکانی رۆژئاوای ئەنباریان لە بندەستی چەتەکانی داعشی تیرۆریست دەستپێکرد".

هەر دوێنێ سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنباری رۆژئاوای عێراق، سەباح کەرحوت رایگەیاند: "هەڵمەتی رزگارکردنی شارۆچکەی هیت و شارەدێی کوبێسە (70 کم رۆژئاوای رومادیی) بەیانی ئەمڕۆ دەستیپێکرد بە پاڵپشتیی فڕۆکەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی و هێزی ئاسمانیی عێراق".

سەباح کەرحوت گوتیشی: "هێزە ئەمنییەکان و چەکدارانی هۆزەکان لە سەربازگەی عەین ئەسەدەوە بەرەو سەنتەری شارۆچکەکە و شارەدێکە پێشڕەویان کردووە".

ئەمە لە کاتێکدایە چەند شار و شارۆچکەیەکی دیاری پارێزگای ئەنبار هێشتا لە بندەستی چەکدارانی داعشدایە، هەرچەندە داعش مانگی رابردوو شاری رومادی ناوەندی پارێزگای ئەنبار لە دەستدا و سوپای عێراق ناچاری کرد بەرەو ناوچەکانی دیکەی پارێزگاکە بکشێتەوە.

سەرچاوە: ئاژانسەکان، ئا: ئا ، ف