لە ئاكامی بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی رووسیا لە سووریا زیاتر لە 50 ھاووڵاتی كوژران
ژمارەیەكی زۆر لەكوژراوان ژن و منداڵن
K24 – ھەولێر:
لە ئاكامی بۆردوومانكردنی پارێزگای رەقە لەلایەن فڕۆكەكانی رووسیاوە زیاتر لە 55 ھاووڵاتی كوژران.
روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند: فڕۆكە جەنگییەكانی رووسیا لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا ناوچەكانی ئەلسور و سوامع و باڵەخانەكانی نزیك گەڕەكی ئەلسەكەنی لە پارێزگای رەقە بۆردومان كرد و لە ئاكامدا 55 ھاووڵاتی كوژران، كە ژمارەیەكیان ژن و منداڵن و ژمارەیەكی زۆریش برینداربوون.
روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، پێشبینی دەكەن ژمارەی كوژراوان زیاد بكات، بەھۆی سەختی برینی ھەندێ لە بریندارەكان.
ھەروەھا ئاماژەیان بۆ ئەوەشكردووە، كە لە ئەنجامی ھێرشەكانی ئەمڕۆ لە چەند ناوچەیەكی دیكەی پارێزگای رەقە، 39 كەس كوژران، كە 5 كەس لەوانە چەكدارانی داعشن.
لە ئەیلولی 2015 رووسیا دەستی بە بۆردومانكردنی ھێزە چەكدارەكانی سووریا كردووە، ئۆپۆزسیۆنی سووریا و روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ رووسیا تۆمەتباردەكەن بەوەی ھاووڵاتیانی سڤیل و ئۆپۆزسیۆنی میانڕەو دەكەنە ئامانج.