مانوێل ڤالس: زیاتر لە 600 فەرەنسی بوونەتە ئەندامی داعش

"ئێستا دوو هەزار و بیست و نۆ فەرەنسی و غەیرە فەرەنسی لە فەرەنسان و پەیوەندی راستەوخۆیان بە تۆڕە جیهادییەکانەوە هەیە"

K24- ھەولێر:

مانوێل ڤالس، سەرۆك وەزیرانی فەرەنسا رایگەیاند، زیاتر لە 600 فەرەنسی بوونەتە ئەندامی داعش.

مانوێل ڤالس، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ژمارەیەكی زۆری فەرەنسی بوونەتە ئەندامی رێکخراوی داعش و ئێستا لە سووریا و عێراق شەڕ دەکەن.

مانوێل ڤالس دەشڵێت: فەرەنسی زیاتر هەن کە دەیانەوێت بچنە سووریا و عێراق و ببنە ئەندامی داعش.

سەرەڕای زیادبوونی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر پێگەکانی داعش، توندبوونی رێوشوێنی ئەمنی لە فەرەنسا، بەرپرسانی حکوومەتی فەرەنسا ئاماژە بەوەدەكەن، رێژەی پەیوەندیکردنی فەرەنسییەکان بە داعش زیادیکردووە.

ھەرەوەھا مانوێل ڤالس دووپاتیکردوەتەوە، ئێستا دوو هەزار و بیست و نۆ فەرەنسی و غەیرە فەرەنسی لە فەرەنسان و پەیوەندی راستەوخۆیان بە تۆڕە جیهادییەکانەوە هەیە.

بەر لە ھێرشەكانی پاریس چەندین جار حكوومەتی فەرەنسا دووپاتیكردبووەوە، كە ژمارەیەكی زۆرھاووڵاتی فەرەنسی لە ریزەكانی داعشدان لە عێراق و سووریا.

لە دوای ھێرشەكانی 13 تشرینی دووەمی پاریس، حكوومەتی فەرەنسا باری نائاسی راگەیاند و رێشوێنی ئەمنی گرتووەتە بەر، لێسەندنەوەی ناسنامەی لە دەستووری وڵاتەكەی چەسپاند، لەگەڵ ھەموو ئەمانەدا بەرپرسانی فەرەنسا باس لەوەدەكەن رێژەی ئەو كەسانەی پەیوەندی بە داعش دەكەن زیادیكردووە.