موقته‌دا سه‌در داواى پاراستنى يه‌كپارچه‌يى عێراق ده‌كات
رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در، موقته‌دا سه‌در، په‌يامێكى نوێى له رێگه‌ى كه‌ناڵه‌كانى راگه‌ياندنه‌وه ئاراسته‌ى خۆپيشانده‌رانى به‌غدا و ده‌سه‌ڵاتدارانى عێراق كرد و ژماره‌يه‌ك خاڵ و داواكارى وه‌ك پڕۆژه‌ى ره‌وته‌كه‌ى بۆ چاكسازى خسته‌ڕوو.
K24 – هه‌ولێر:

له كارنامه‌كه‌يدا موقته‌دا سه‌در داوايكرد، پشكپشكێنه‌ى سياسى و تائيفى به هه‌موو شێوه‌يه‌ك كۆتايى پێبهێنرێت و ده‌سه‌ڵاتى سياسى له عێراقدا په‌له بكات له ئه‌نجامدانى چاكسازى ئيدارى و سياسى و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى.
هه‌روه‌ها داوايكرد، به ياسا پێكهێنان و كاركردنى ئه‌و حزبه سياسييانه قه‌ده‌غه بكرێت كه مه‌يلى ديكتاتۆريانهيان هه‌يه و هاوشێوه‌ى حزبى به‌عس ده‌يانه‌وێت ده‌سه‌ڵاتى به‌غدا كۆنترۆڵبكه‌ن و يهكلايهنانه ره‌فتار بكه‌ن.
له به‌شێكى ديكه‌ى كارنامه‌كه‌يدا سه‌در داوايكرد، كار بۆ بوژاندنه‌وه‌ى كه‌رتى وه‌به‌رهێنان بكرێت و هه‌وڵبدرێت داهات زياد بكرێت و بهفيڕۆدان بنه‌بڕبكرێت و سيستمى په‌روه‌رده ده‌ستكارى بكرێت و پرۆگرامه‌كانى خوێندن گۆڕانيان به‌سه‌ردا بهێنرێت.
هه‌روه‌ها داواشيكرد، له‌سه‌ر بنه‌ماى عێراقيبوون و دوور له گيانى حزبايه‌تى پۆسته‌كان دابه‌شبكرێن و يه‌كپارچه‌يى عێراق بپارێزرێت.