جۆن كێربی: توركیا مافی خۆیەتی بەرگری لە خاكی خۆی بكات

"تورکیا وڵاتێکی خاوەن سەروەرییە و پێویستە بەرگری لە خاک و هاووڵاتیانی بکات"

K24 – ھەولێر:

جۆن كێربی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، توركیا مافی خۆیەتی بەرگری لە خاكی خۆی بكات.

جۆن کێربی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "تورکیا وڵاتێکی خاوەن سەروەرییە و پێویستە بەرگری لە خاک و هاووڵاتیانی بکات".

کێربی روونیکردەوە، تورکیا رووبەڕووی هەڕەشەیەکی جدی تیرۆر بووەتەوە و پێویستە لەسەر حکوومەتی تورکیا، هاوشێوەی هەموو وڵاتێکی دیکە وڵاتەکەی خۆی بپارێزێت .

لە سەرتای ئەمساڵەوە تا ئێستا چەند تەقینەوەیەك لە ئەنقەرە و ئیستەنبۆڵ رویداون، لە 13 ئەم مانگە تەقینەوەیەك لە ئەنقەرە روویدا و بووە ھۆی كوژرانی 37 كەس و برینداربوونی 125كەسی دیكە، چەند رۆژێك دوای تەقینەوەكە گروپی ھەڵۆكانی كوردستان بەرپرسیاریێتی خۆیان لە ئەنجامدانی تەقینەوەكە راگەیاند، كە لە لایەن حكوومەتی توركیا ئەو گروپە سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) ناودەبرێن.

بەھەمان شێوە لە 20 ئەم مانگە تەقینەوەكی دیكە لە ئیستەنبۆڵ ئەنجامدارا لە ئاكامدا 4 كەس كوژران و 20 كەسی دیكەش برینداربوون، دوای تەقینەوەكە، ئه‌فكان ئالا وه‌زیری نێوخۆی توركیا رایگەیاند، خۆكوژەكەی تەقینەوەكانی ئیستەنبۆڵ ئەندامی داعش بووە.

لە دوای تێكچوونی بار و دۆخی ئەمنی توركیا ھەریەك لە حكوومەتی ئیسرائیل و ئەڵمانیا داویان لە ھاووڵاتیانی خۆیانكرد بەھۆی خراپی دۆخی ئەمنی سەردانی توركیا نەكەن.