رۆیتەرز: هەناردەکردنی نەوتی "هەرێمی کوردستان" وەستاوە
"بەهۆی دزییەوە هەناردەکردنی نەوت بە رێگەی بۆڕیی عێراق-تورکیا وەستاوە"
K24-هەولێر
ئاژانسی رۆیتەرز بۆ هەواڵ لە زاری سەرچاوەیەکەوە رایگەیاند بەهۆی دزییەوە هەناردەکردنی نەوتی "هەرێمی کوردستان" بە رێگەی بۆڕیی عێراق-تورکیا وەستاوە.
ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوەیەک لە بواری گواستنەوەی نەوت بە دەریا راشیگەیاند: "هەناردەکردنی نەوت بە رێگەی بۆڕیی نێوان عێراق و تورکیا بەهۆی سزییەوە لە ناوچەی سانلۆرفا لە باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا (باکووری کوردستان) وەستا".
سەرچاوەکەی رۆیتەرز زانیاری زیاتری ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ئەمە یەکەم جار نییە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا بەهۆی تەقینەوە و دزینی نەوتەوە لە بۆرییەکە دەوەستێ.
ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، هەرێمی کوردستان رۆژانە نزیکەی 600 هەزار بەرمیل نەوتی خاو هەناردەی بەندەری جەیهان دەکات و دواتر هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت. لە کاتێکدا هەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی کەرکووک کە بەغدا سەرپەرشتییان دەکات هێشتا وەستاوە.
ئەم پێشهاتە هاوکاتە لەگەڵ چڕبوونی ئاڵۆزییەکان و پێکدادانەکان لە نێوان لایەنگران و گەریلاکان پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە باکووری کوردستان.
بەڵام تا ئێستا وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان هیچ زانیارییەکی لەبارەی وەستانی هەناردەکردنی نەوتی کوردستانەوە بڵاو نەکردووەتەوە.
ئا: ئا ، ف