نرخی نەوتی خاو دابەزی

بەهۆی ئاستی نەوتی ئەمبارەکانی ئەمریکاوەیە

K24-هەولێر

نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهان، ئەمڕۆ چوارشەممە، بەهۆی بەرزبوونی ئاستی نەوتی ئەمبارەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە دابەزی و نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی جۆری پێوەری برێنت گەیشتە 41.39 دۆلاری ئەمریکی.

دابەزینی نرخی نەوتی خاوی جۆری پێوەری برێنت دوای تۆمارکردنی نرخی 41.79 دۆلار هات بۆ هەر بەرمیلێک کە دوێنێ لە بازاڕەکانی جیهاندا تۆماری کردبوو.

هاوکات نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکی لە بۆندە پێشوەختەکانی فرۆشتنی نەوتدا ئەمڕۆ دابەزی و گەیشتە 41.01 دۆلار لە کاتێکدا دوێنێ نرخی بەرمیلێکی ئەم نەوتە 41.45 دۆلار بوو.

لای خۆیەوە شرۆڤەکاری دەزگای فیلیپ فیوچەرزی بواری نەوت و ئابووریی، دانیال ئانج رایگەیاند: "پێدەچێ فرەیی نەوت لە بازاڕەکاندا لە ئایندەی نزیکدا بەردەوام دەبێ و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی پێشبینیی ئەوە بکەین کە بەرزبوونی نرخەکان کە ئێستا روودەدات بەردەوام نابێ".

پەیمانگەی پترۆلی ئەمریکا، دوێنێ سێشەممە، رایگەیاند ئاستی ئەمبارەکانی نەوتی خاوی ئەمریکا هەفتەی رابردوو بە بڕی 8.8 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرزبوویەوە و تێکراوی نەوتی ئەمبارکراوی ئەمریکا گەیشتووەتە 531.8 ملیۆن بەرمیل.

ئا: ئا ، ف

Fly Erbil Advertisment