نرخی نەوت زیاتر دابەزی
K24-هەولێر
نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی جۆری پێوەری برێنت، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە بازاڕەکانی جیهان بەهۆی زیادبوونی نەوتی ئەمبارکراوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ نزیکەی 40 دۆلاری ئەمریکی دابەزی.
ئاژانسی بەڕێوەبردنی زانیاریی لەبارەی وزەی ئەمریکاوە لەمبارەوە رایگەیاند: "نەوتی خاوی ئەمبارکراوی ئەمریکا هەفتەی رابردوو بە بڕی 9.4 ملیۆن بەرمیل زیادی کرد". ئەمەش بووە هۆی ئەوەی نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهان دابەزێ بە شێوەیەک نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی جۆری پێوەری برێنت لە گرێبەستە پێشوەختەکان گەیشتە 39.99 دۆلار.
هاوکات نرخی نەوتی خاوی ئەمریکا لە گرێبەستە پێشوەختەکان دابەزی و نرخی بەرمیلێکی گەیشتە 39.22 دۆلار.
ئەمە لە کاتێکدایە بەهۆی فرەبوونی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهان بە درێژایی دوو ساڵە نرخی نەوت رووی لە دابەزینە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت بە تایبەت هەرێمی کوردستان و عێراق رووبەڕووی قەیرانی دارایی ببنەوە.
سەرچاوە: رۆیتەرز، ئا: ئا ، ف