ئەمریكا رەتیدەكاتەوە ھەڵوێستی بەرمبەر ئەسەد گۆڕابێت
"ئەسەد شەرعیەتی خۆی لەدەستداوە بۆ سەرکردایەتیکردنی سووریا"
K24 – ھەولێر:
ئەمریکا لێدوانەکانی جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا رەتدەکاتەوە کە وا ھەڵوێستی خۆی بەرامبەر بە چارەنووسی بەشار ئەسەدی گۆڕیبێت و دووپاتی دەکاتەوە نابێت ئەسەد سەرۆکایەتی سووریای نوێ بکات.
جۆن کێربی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەو راپۆرتانە رەتدەکاتەوە كە باس لە گۆڕانی ھەڵوێستی ئەمریكا دەكەن بەرامبەر بە ئەسەد و دەڵێت: ئەسەد شەرعیەتی خۆی لەدەستداوە بۆ سەرکردایەتیکردنی سووریا و ھەر لێدوانێک کە ئاماژە بەوە بکات ئەمریکا ھەڵوێستی خۆی لەوبارەیەوە گۆڕیووە، دوورە لە راستییەوە.
ئەمە دوای ئەوەوە ھات رۆژی ھەینی جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا سێرگی رایبکۆڤ، رایگەیاندبوو، کە وا ئەمریکا لەمەڕ چارەنووسی ئەسەد لە سووریا ھەڵوێست خۆی گۆڕیووە و جۆن کیری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لەکۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی رووسیا، گۆڕینی ھەڵوێستی واشنتنی بەرامبەر بە ئەسەد بە رووسیا راگەیاندووە.
ماوەی 5 ساڵ زیاترە، شەڕی نێوخۆ لە سووریادا ھەیە ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە داوای ھاتنە خوارەوەی ئەسەد دەكەن لە دەسەڵات، ئەمریكا لەگەڵ لادانی ئەسەدە لە دەسەڵات، بەڵام رووسیا پشتگیری لە مانەوەی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سووریا دەكەن.