به‌شێك له‌ هاووڵاتییانی به‌غدا به‌هۆی هه‌ژارییه‌وه‌ گورچیله‌ی خۆیان ده‌فرۆشن

ئه‌وانه‌ی گورچیله‌یان ده‌فرۆشن باس له‌ هۆكاره‌كه‌ی ده‌كه‌ن

K24 - به‌غدا:

بەھۆی ئەوەی عێراق بە بارێكی ئابووری سەختدا تێدەپەڕێت ھەندێك لە ھاوڵاتیان بیر لەوە دەكەنەوە گورچیلەیان بفرۆشن، ھەر بۆیە تا دێت ژمارەی باندەكانی بازرگانی بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤ زیاد دەبێت و دكتۆرێكیش دەڵێت ئەوان ناتوانن بەھۆی گومانەوە قەدەغەی ئەو جۆرە نەشتەرگەريیانە بكەن.

ئێرە بەغدایە شارێك پایتەختی وڵاتێكە كە خاوەنی دووھەمین یەدەگی نەوتییە لە دونیادا, بەڵام تادێت خەڵكەكەی ھەژاری تەنگیان پێھەڵدەچنێت و تەنانەت وایلێكردوون بیر لە فرۆشتنی گورچیلەی خۆیان بكەنەوە

دایكی حسێن ئەو ئافرەتەیە كە بەھۆی نەخۆشكەتنی مێردەكەیەوە ماوەی 9 ساڵە تەواوی خێزانەكەی بەخێودەكات ئەو دەڵێت ئیدی لەتوانایدا نەماوە كاربكات .

ئەوەی دەبینێ پێم دەڵێت بۆچی كار ناكەیت من كارم كردووە بەڵام ئیدی لەتوانامدا نەماوە كاربكەم

ئئەم خێزانە ماوەی چەند مانگێكە بە كۆمەكی خەڵكی دەژین چونكە ھاوكارییە حكوومیەكانی حكوومەتی عێراق بەشیان ناكات ، ئەم بێئومێدیە وای لە دایكی حسێن كردووە بیر لە فرۆشتنی گورچیلەی بكاتەوە بەڵام پشكنینە پزیشكییەكان ھێندەی تر دایكی حسێنیان بێئومێد كرد چونكە گورچیلەی ئەو ناكرێت ببەخشرێتە ھیچ كەسێك.

پشكنین و سۆنارم كرد بۆ ئەوەی گورچیلەم بفرۆشم چونكە بیرم لە فرۆشتنی گورچیلەم كردەوە و بڕیاریشم دا ، ئەوە باشترە لەوەی دەست لە خەڵكی پان بكەمەوە یان بەلاڕێدا بڕۆم ، ئەوە باشترە لەوەی خەڵكی خێرمان پێبكەن و بەزەییان پێماندا بێتەوە.

لە ئێستادا بەغدا یەكێكە لەو شارانەی بە سەنتەری مافیاكانی بازرگانی كردن بە لەشی مرۆڤ ھەژمار دەكرێن وەك دایكی حسێن پێی گوتین ئەو مافیایانە بڕی 10 ھەزار دۆلار دەدەن لە بەرامبەر ھەر گورچیلەیەك.

دەڵاڵەكانیش ئەڵقەی بەستنەوەی مافیاكان و ئەو ھەژارانەن كە قورسایی ژیان زۆری بۆ ھێناون و وایلێكردوون بەشێك لە جەستەی خۆیان بفرۆشن وەك دەڵاڵێكی دەستگیركراویش دەڵێت بۆئەوەی گورچیلەی كەسێك بفرۆشن دەبێت ناسنامەی كەسەكەش ساختە بكەن.

ەو كەسەی دەیەوێت گورچیلەی خۆی ببەخشێ زۆرجار بەخێوكەری نییە و كەسوكاری بەو كارە نازانن بۆیە دەڵاڵەكە دێت ناسنامەیەكی ساختەی باری كەسی بۆ دەردەكات و خۆی دەكات بە برای یان ھاوسەری و دكتۆرەكانیش لێی دەپرسن براكەت گورچیلەی دەبەخشت تۆ ڕازیت ئەویش دەڵێت ڕازیم.

بە پێی یاسای سزاكانی عێراق كەسی دەڵاڵ كاتێك بازرگانی بە ئەندامێكی لەشی مرۆڤەوە بكات ڕووبەڕووی سزای توند دەبێتەوە ئەمەش وایكردووە زۆرینەی ئەو كەسانەی كە بازرگانی بە گورچیلەیانەوە دەكەن لە نەخۆشخانە حكوومیەكان ئەو كارە ئەنجام نەدەن ئێرە نەخۆشخانەی فێركاری بەغدایە دكتۆرێك دەڵێت ھەفتانە سێ نەشتەرگەری چاندنی گورچیلە ئەنجام دەدەن دەشڵێت ناتوانن بە ھۆی گومانەوە چاندنی گورچیلە قەدەغە بكەن.

گومان ناكرێت ببێتە بەڵگە ناكرێ نەخۆشی گورچیلە پەراوێز بخەین چونكە ڕەنگە ببێتە ھۆی مردنی.

چاندنی گورچیلە ئەگەرچی وەك بەخشین لە ھەندێك وڵات و لە نێوانیشیاندا عێراق ڕێگەی پێدراوە بەڵام بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەكان ئەم كردارە قەدەغە كراوە و نەتەوە یەكگرتووەكانیش لە مانگی ئایاری ساڵی 2014ه‌وه‌ بە ڕێككەوتننامەیەك قەدەغەی كردووە و واشبڕیارە ئەمساڵ نەتەوە یەكگرتووەكان ئەو ڕێككەوتننامەیە ھەمواربكات و زیاتر ڕێگری لە بازرگانیكردن بە ئەندامانی لەشی مرۆڤەوە بكات.

Fly Erbil Advertisment