مەسروور بارزانی: پێشمەرگە باجی قەیرانی ئابووریی دەدات

"نازانین تا چەندی دیكە پێشمەرگە بەرگەی ئەوە دەگرێت"

K24 - ھەولێر:

راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، سەرەڕای رۆڵی بەرچاوی ھێزی پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوە دژی رێکخراوی داعش، بەڵام پێشمەرگە باجی قەیرانی ئابووریی دەدات.

لە میانی ھەڤپەیڤینی لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێسی ئەمریکی مەسروور بارزانی، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "سەرەڕای رۆڵی بەرچاوی ھێزی پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی دژی رێکخراوی داعش، بەڵام پێشمەرگە باجی قەیرانی ئابووریی دەدات".

راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە: "نزیکەی چوار مانگە پێشمەرگە مووچەی وەرنەگرتووە، بەڵام له‌ رووبەڕووبوونەوەی داعش به‌رده‌وامن". مەسروور بارزانی ھۆشداری دەدات لەوەی نازانن تا چەندی دیکە پێشمەرگە بەرگەی ئەوە دەگرێت، کە ھەر لە سەنگەرەکان رووبەڕووی داعش ببنەوە، بێ ئەوەی مووچەش وەربگرن".

لە بەشێكی دیكەی ھەڤپەیڤینەكەدا مەسروور بارزانی، لە بارەی ئەو ژمارە زۆری ئاوارەكان كە روویان كردوەتە ھەرێمی كوردستان دەڵێ: "ھاتنی به ‌لێشاوی ئاوارەکان لە سووریا و ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، ژمارەی دانیشتووانانی ھەرێمی کوردستان بەرێژەی لەسەدا ٣٠ زیاد کردووە".