لە شرناخ پۆلیس تیشێرێتی ئاڵای كوردستان قەدەغە دەكات
خاوەنی ئەو فرۆشگایانە بانگھێشتی دادگا كران
K24 - ھەولێر:
لە ناوچەی ھەزەخی شاری شرناخ لە باكووری كوردستان ئەو تیشێرتانەی ئاڵای كوردستانیان لەسەر نەخشێندراوە، لە لایەن ھێزە ئەمنییەكان لە دوكانەكان كۆكرانەوە.
بە بڕیاری داواكاری گشتی كۆماریی توركیا، لە چەند ھەڵمەتێكدا، لە ناوچەی ھەزەخی شاری شرناخ لە باكووری كوردستان ھەموو ئەو تیشێرتانە كۆ كرانەوە كە ئاڵای كوردستان و ناوی كوردستانیان لەسەر نەخشێندراوە، پۆلیس لە دوو شوێنی فرۆشتنی ئەو جلو بەرگانە، 40 جۆر تیشێرتی كۆكردەوە.
خاوەنی ئەو فرۆشگایانە بۆ وەرگرتنی وتەكانیان بانگھێشتی دادگا كران، دوای وەرگرتنی گوتەكانیان ئازاد كران، بەڵام ھۆشداریی ئەوەیان پێدرا فرۆشتنی ئەو جۆرە تیشێرتانە قەدەغەیەو ئەگەر دووبارەی بكەنەوە سزا دەدرێن.
ئەمە لە كاتێكدایە لە زۆربەی ناوچەكانی باكووری كوردستان شەڕ و ئاڵۆزیی لە ئارادایە و ھێزە ئەمنییەكان ئۆپەراسیۆن بۆ دەستگیركردنی ئەندام و لایەنگرانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و ھێزەكانی پاراستنی سڤیل (یەپەسە) ئەنجامدەدەن.
سەرچاوە: DHA