ئیبرا ڕازیبووه‌ بچێته‌ مانچێسته‌ر یونایتد، به‌ڵام مه‌رجێكی سه‌یری هه‌یه‌

ده‌یه‌وێت لویس ڤان خاڵ ده‌ربكه‌ن

رۆیشتنی ئیبراهیمۆڤیچ له‌ یانه‌ی پاریس سانجێرمان یه‌كلایی بووه‌ته‌وه‌ و زۆربه‌ی میدیاكانیش داهاتووی ئه‌و یاریزانه‌ به‌ یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتدی ئینگلیزییه‌وه‌ ده‌به‌ستنه‌وه‌.

رۆژنامه‌ی لیكیپی فڕه‌نسی ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد له‌ ئێستادا تاكه‌ یانه‌ كه‌ گفتوگۆ فه‌رمییه‌كانی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی سوید له‌ بازاری گواستنه‌وه‌ی هاوینه‌ی یاریزانان ده‌ستپێده‌كات.

رۆژنامه‌ی ده‌یلی مه‌یلی بریتانیا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچی هێرشبه‌ری پاریس سانجێرمان رازیبووه‌ له‌ كۆتایی ئه‌م وه‌رزه‌ی درێسی شه‌یتانه‌ سووره‌كان بپۆشێت، به‌ڵام مه‌رجێكی له‌سه‌ر ئیداره‌ی یانه‌ی مانچێسته‌ر داناوه‌، ئه‌ویش بریتییه‌ له‌ ده‌كردنی لویس ڤان خالی راهێنه‌ری یانه‌كه‌.

به‌پێی هه‌مان سه‌رچاوه‌، ئه‌و ڕق هه‌ڵگرتنه‌ی ئیبرا له‌ ڤان خال بۆ سه‌رده‌مانی یانه‌ی ئه‌یاكس ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ئه‌وكات نێوانی ئه‌و دووانه‌ خۆش نه‌بوو، دواتر ئیبرا به‌هۆی ئه‌و راهێنه‌ره‌وه‌ یانه‌ی ئه‌یاكسی به‌ره‌و یوڤێنتۆس جێهێشت.

له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌، باس له‌وه‌یش كراوه‌ كه‌ ڤان خال ئاره‌زووی كڕینی ئیبرا بۆ مانچێسته‌ر ناكات، به‌هۆی گه‌وره‌بوونی ته‌مه‌نی ئیبرا كه‌ 34 ساڵه‌.