ئەمریکا "راوکەری شاراوە" رەوانەی تورکیا دەکات بۆ لێدانی پەیوەندییەکانی داعش

K24-هەولێر

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا فڕۆکەیەکی نوێی رەوانەی تورکیا کردووە ناوی راوکەری شاراوەی لێناوە بۆ لێدانی دامەزراوەکانی پەیوەندیی لە نێو رێکخراوی داعشدا.

بەپێی تۆڕی سی ئێن ئێن: ئەمریکا چەند فڕۆکەیەکی جۆری (EA-6B Prowler) کە بە راوکەری شاراوە ناسراوە، رەوانەی بنکەی سەربازیی ئیجەرلیک کردووە لە تورکیا بۆ ئەوەی لە شەڕی دژی داعش بەشدار بێ.

فڕۆکەکانی جۆری راوکەری شاراوە پێشتر لە ساڵی 2015 بەشدارییان کردووە لە ئەنجامدانی چەند هێرشێکی لە دژی داعش لە عێراق و سووریا، بەڵام لە دەرەوەی بنکەی سەربازیی ئینجەرلیک.

فڕۆکەیەکی جۆری (EA-6B Prowler) بە چەکێکی کاریگەر ناو دەبرێ بۆ ژاژاوەکردن لەسەر ئەو پەیوەندییانەی کە بە ئامێرەکانی پەیوەندیی ئەنجام دەدرێن لەپاڵ چاودێریکردنی پەیوەندییەکانی دووژمن بە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە.

ئەم جۆرە فڕۆکەیە لە لایەن کۆمپانیای نۆرسرووب گرومانی ئەمریکاوە دروستکراوە و لە ساڵی 1972 وە لە لایەن سوپای ئەمریکا بەکاردەهێنرێ و لە شەڕی ڤێتنام و پرۆسەی رزگارکردنی کوێت و چاودێریکردنی ناوچەی دژە فڕین لە ئاسمانی باشووری کوردستان و یۆگسلافیا بەشداریی کردووە.

ئا: ئا ، ف