وزیرێکی پۆڵەندا: رووسیا لە داعش ترسناکترە
K24-هەولێر
وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا، ڤیتۆڵد فاشیکۆفسکی رایگەیاند "رووسیا" سەرچاوەی هەڕەشەیەکی گەوترە بۆ ئەوروپا بە بەراورد لەگەڵ داعش کە سەرچاوەی هەڕەشەیەکی راستەقینەیە بۆ ئەوروپا، بەڵام هەڕەشەکەی داعش بۆ "بوونی ئەوروپا نییە".
وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا لە کاتی تاوتوێکردنی ئایندەی هاوپەیمانیی ئەتڵەسیی لە کۆنگرەی ساڵانەی ئاسایش کە دوێنێ هەینیی لە برات سلاڤا پایتەختی سلۆفاکیا راشیگەیاند: بێگومان ئەو چالاکییانەی کە رووسیا ئەنجامیان دەدات هەڕەشە بۆ سەر بوونی ئەوروپا، چونکە ئەم چالاکییە دەکرێ "وڵاتان خاپوور بکات".
گوتیشی: "هاوکات رووبەڕووی هەڕەشەی وەک تیرۆر و بە لێشاو هاتنی کۆچبەران دەبینەوە کە هەڕەشە نین بۆ سەر بوونمان" و ئاماژەی کرد: "رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی هەڕەشەیەکی زۆر راستەقینەیە، بەڵام "بۆ ئەوروپا هەڕەشەیەک نییە بۆ سەر بوونی".
ئەمە لە کاتێکدایە ململانێی ئابووریی و سیاسیی لە نێوان رووسیا و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا وا دوو ساڵە وەک چاودێران دەڵێن گەیشتووەتە لوتکە و مەترسی دەکرێ بگاتە رادەی رووبەڕووبونەوەی سەربازیی بەتایبەت لە وڵاتی ئۆکراینا.
ئا: ئا ، ف