عەبادیی داوا لە پەرلەمان دەکات دەنگ لەسەر هەموارکردنی حکوومەت بدات
داوا لە پەرلەمان دەکات لە چەند رۆژێکدا کۆببێتەوە و دەنگ لەسەر هەموارکردنی حکوومەت بدات
K24-هەولێر
سەرۆک وەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادیی ئەمڕۆ دووشەممە داوای لە پەرلەمانی وڵاتەکەی کرد لە چەند رۆژێکدا کۆببێتەوە و دەنگ لەسەر هەموارکردنی حکوومەت بدات و چارە بۆ ئەو ئاستەنگانە بدۆزێتەوە کە رووبەڕوی عێراق بوونەتەوە.
حەیدەر عەبادیی لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "دڵنیایی دەدەینە رۆڵەکانی گەلی خۆشەویستمان و جەماوەر کە داوای ئەنجامدانی چاکسازیی دەکەن، ئێمە بەردەوام دەبین لەم رێگەیە بە پاڵپشتیی ئێوە کە جێی رێزێکی بێ پایانی ئێمەیە".
عەبادیی گوتیشی: "هەموارکردنی حکوومەت تەنیا بازنەیەکە لە نێو زنجیرەی چاکسازییە گشتگیرەکان لەپاڵ گۆڕینی دەستە سەربەخۆکان و نەهێشتنی راپەراندنی کارەکان بە وەکالەت بۆ ئامادەکاریی بۆ دەستنیشانکردنی کەسانی بە توانا و خاوەن ئەزموون دوور لە دابەشکاریی سیاسیی بە لەبەرچاوگرتنی نوێنەرایەتیکردنی چینە جیاوازەکانی گەلی عێراق".
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەشی کرد: "من چاوەڕوانم ئەنجوومەنی نوێنەران (پەرلەمان) رۆڵی خۆی لە یاسادانان و چاودێریکردن تەواو بگێڕێ و دەنگ لەسەر هەموارکردنی حکوومەت بدات لە چەند رۆژی داهاتوو و بە خێراترین کات و لە قۆناگێکی دیکەدا دەنگ لەسەر دەستە سەربەخۆکان بدات".
حەیدەر عەبادیی ئەوەشی خستەڕوو: "شەڕی دژی داعش لەپاڵ ئەو ئاستەنگە ئەمنی و ئابوورییانەی کە رووبەڕووی عێراق بوونەتەوە پێویستیان بە یەکخستنی هەوڵەکانە بۆ تێپەڕاندنیان و رزگارکردنی گەلەکەمان لە کاریگەرییەکانی ئەو دۆخە لەسەر ئابووریی عێراق".
سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیشی کرد: "حکوومەتی عێراق بەردەوام هەوڵ دەدات دانووستان لەگەڵ دامەزراوە بەنکییەکان و ئابوورییەکانی جیهان ئەنجام بدات بۆ ئەوەی رۆڵ لە باشترکردنی دۆخ و گوزەرانی هاوڵاتییان بگێڕن و ئابووریی کە دووچاری کەمبوونی سەرچاوە بناغەییەکان بووەتەوە بەهۆی داڕمانی نرخی نەوتەوە، گڕ بخەنەوە".
خۆپێشاندانی لایەنگرانی رەوتی سەدر لە بەغدا بەردەوامە و داوای ئەنجامدانی چاکسازیی دەکەن لە دامەزراوەکانی حکوومەتدا، لە کاتێکدا وا تەنیا یەک رۆژ ماوە ئەو موڵەتە کۆتایی بێت کە رابەری رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراقی دیار کرد بۆ ئەوەی حکوومەتی تکنۆکرات رابگەیەنێ.
هاوکات مانگرتنی بەشێک لە پەرلەمانتارانی عێراق لە نێو باڵەخانەی پەرلەمان لە بەغدا بەردەوامە و داوای پێکهێنانی حکوومەتێکی تکنۆکرات دەکەن لەپاڵ رووبەڕووبونەوەی گەندەڵیی.
ئا: ئا ، ف