وەزیری بەرگریی ئەمریکا گەیشتە بەغدا
K24-هەولێر
وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ئاشتۆن کارتەر ئەمڕۆ دووشەممە گەیشتە بەغدا و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق پرسی شەڕی دژی داعش تاوتوێ بکات.
ئەم سەردانەی ئاشتۆن کارتەر لەمیانی گەشتێکیدایە بۆ چەند وڵاتێک لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هاوکات بەپێی ئاژانسی هەواڵدەری رۆیتەرز چەند بەرپرسێکی ئەمریکا رایانگەیاند: وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادیی و وەزیری بەرگریی عێراق، خالید ئەلعوبەیدیی کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی هاوکارییە سەربازییەکان کە دەکرێ ئەمریکا پێشکەشی عێراقی بکات.
ئەمە لە کاتێکدایە بەردەوام سەرکردە سیاسییەکان و فەرماندە سەربازییەکانی عێراق باس لە نزیکبوونەوەی وادەی دەستپێکردنی هێرشی گرتنەوەی شاری مووسڵ دەکەن کە بە پێگەی سەرەکیی داعش ناودەبرێ لە باکووری عێراق.
هاوکات شەڕی سوپای عێراق و هێزە ئمەنییەکان لەگەڵ چەکدارانی داعش لە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە بەردەوامە و حکوومەتی عێراق دەڵێ هێزەکانمان لە ئەنبار بەردەوام لە پێشڕەویدان.
ئا: ئا ، ف