یەكێتی ئەوروپا لە رێگەی باڵیۆزخانەی ھۆڵەندا چالاكییەكانی لە ئێران دەستپێدەكاتەوە

“یەكێتی ئەوروپا دەیەوێت جارێكی دیكە ببێتە ھاوبەشی یەكەمی ئابووریی ئێران و لە چەند ھەفتەی داھاتوودا لە رێگەی باڵیۆزخانەی ھۆڵەندا لە ئێران، چالاكییەكانیان دەستپێدەكاتەوە”

K24 – ھەولێر:

یەكێتی ئەوروپا لە رێگەی باڵیۆزخانەی ھۆڵەندا لە تاران چالاكییە ئابوورییەكانی دەستپێدەكاتەوە، بڕیار وایە یەكەمین شاندی دیپلۆماسی یەكێتی ئەوروپا لە چەند ھەفتەی داھاتوودا سەردانی ئێران بكەن.

فێدریكا موگێرینی، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا دەڵێت، یەكێتی ئەوروپا دەیەوێت جارێكی دیكە ببێتە ھاوبەشی یەكەمی ئابووریی ئێران و لە چەند ھەفتەی داھاتوودا لە رێگەی باڵیۆزخانەی ھۆڵەندا لە ئێران، چالاكییەكانیان دەستپێدەكاتەوە.

فێدریكا موگێرینی، رۆژی شەممە لە تاران لە كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران باسی لە دەستپێكی پەیوەندییەكانی دوولایەنەی ئێران و یەكێتی ئەوروپا كردبوو.

لە دوای جێبەجێكردنی رێككەوتنی ناوەكی ئێران و وڵاتانی پێنج كۆیەك، ئەوە دووەمین سەردانی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپایە بۆ ئێران و ئێران ھەوڵدەدات بۆ بوژانەوەی ئابووریی وڵاتەكەی پەیوەندییە سنووردارەكانی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپادا فراوانتر بكات.