ئێران واشنتن به‌ پێشێلكردنى رێككه‌وتنى ناووكى تۆمه‌تبار ده‌كات

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رايگه‌ياند، ئەمریكا پابەندی رێككەوتنی ناووكى ڤيه‌ننا نه‌بووه‌، كه‌ ئێران و وڵاتانى پێنج كۆ يه‌ك له‌ ته‌مموزى رابردوودا واژوويان كرد.

K24 – هه‌ولێر:

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رايگه‌ياند، ئەمریكا پابەندی رێككەوتنی ناووكى ڤيه‌ننا نه‌بووه‌، كه‌ ئێران و وڵاتانى پێنج كۆ يه‌ك له‌ ته‌مموزى رابردوودا واژوويان كرد.

وەزارەتی دەرەوەی كۆمارى ئيسلامى ئێران لەراپۆرتێكدا كە ئاراستەی ئه‌نجوومه‌نى شووراى كۆمارى ئيسلامى كردووە، دەڵێت: ئەمریكا پابەندی جێبەجێكردنی رێككەوتنی ناووكى نەبووە.

دوای سێ مانگ لە بڕیاردان لەسەر جێبەجێكردنی رێككەوتنی ناووكى لەنێوان ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك وەزارەتی دەرەوەی ئێران راپۆرتێكی رادەستی ئه‌نجوومه‌نى شوراى كۆمارى ئيسلامى ئێران كردووە و ئاماژەى بۆ ئەوە كردووه‌، كە ئەمریكا خەریكی ترساندنی وەبەرھێنەرە بیانییەكانە، بۆ ئەوەی لە ئێران وەبەرھێنان نەكەن.

بە وتەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران تاوەكوو ئێستا بانكەكانی ئەمریكا مامەڵەكانی خۆیان لەگەڵ ئێران ئاسایی نەكردووه‌تەوە، ئەمەش پێشێلكردنی رێككەوتنی نێوانیانە.