وشكه ساڵى ئابوورى ڤێتنامى خستووه‌ته مه‌ترسييه‌وه
به‌هۆی دیارده‌ی ئیل نینۆی ئاوهه‌واییه‌وه و به‌كاریگه‌ری وشكه‌ساڵی، وڵاتانی هندی چینی به‌تایبه‌تی ڤێتنام كه‌وتوونه‌ته قه‌یرانێكی گه‌وره
K24 – هه‌ولێر:
به‌هۆی دیارده‌ی ئیل نینۆی ئاوهه‌واییه‌وه و به‌كاریگه‌ری وشكه‌ساڵی، وڵاتانی هندی چینی به‌تایبه‌تی ڤێتنام كه‌وتوونه‌ته قه‌یرانێكی گه‌وره و بڕێكی زۆر له به‌رهه‌می برنج و قامیشی شه‌كر و ماسی له‌ناوچوون.
له هه‌رێمی هندی چینی‌دا، رووباری میكۆنگ وه‌كو شاده‌ماری ژیان و ئابووری بۆ چه‌ند وڵاتێك دێته ئه‌ژمار، رووباره‌كه چه‌ندین وڵات پێكه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه و چه‌ندین پڕۆژه‌ی هاوبه‌شی كاره‌بایی و به‌خێوكردنی ماسی و ئاودێری له‌سه‌ر جێبه‌جێكراوه.
به شێكی زۆری برنجی ڤێتنامی، ئاوی رووباری میگۆنگ ده‌خواته‌وه كه له به‌رزاییه‌كانی چینه‌وه له باكور شۆڕده‌بێته‌وه، نزیكه‌ی %60ی به‌رهه‌می ماسی و برنجی ڤێتنام له ئاوڕێژگه‌ی رووباری میكۆنگ به‌رهه‌م ده‌هێنرێت.
ئیستا كه رووباره‌كه لاواز و كه‌م ئاو بووه و ئاستی سوێری تێیدا زیادبووه، ئیدی توانای به‌رهه‌مهێنانی برنجیشی نه‌ماوه.
جوتیارێك ده‌ڵێت: گرفته سه‌ره‌كیيه‌كه سوێربوونی ئاوه‌كه‌یه، هه‌روه‌ها یه‌كێك له دیواره‌كانی كه‌ناڵێكی ئاوی رووخاوه و هه‌رچی خوێئاوبووه هێناویه‌تیه ناو زه‌وییه‌كه‌ی من.
وشكه‌ساڵی ئه‌مساڵ سه‌ختترینه له ماوه‌ی 90 ساڵی رابردوودا كه له‌و ناوچه‌یه‌ی دابێت، هۆكاری ئه‌و وشكه ساڵیه‌ش دیارده‌ی ئاوهه‌وای ئێل نینۆ یه كه ئاوهه‌وا له‌و ناوچه‌ی ئاسیا گه‌رمتر و وشكتر ده‌كات.
مامۆستايه‌كى زانكۆی كان تۆ ده‌ڵێت: به گوێره‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كان، دیارده‌ی ئاوهه‌وای ئیل نینۆ كارده‌كاته سه‌ر به‌شی باشوور و رۆژهه‌ڵاتی ئاسیا و هێزی ئه‌و دیارده‌یه‌ش زیاتر كار له وڵاتانی سه‌ر رووبای میكۆنگ ده‌كات به‌تایبه‌تی ڤێتنام.
میكۆنگ، ئاو بۆ 39 پرۆژه‌ی به‌هه‌مهێنانی كاره‌با له وڵاته‌كانی چین و لاوس و تایله‌ند و كه‌مبۆدیا و ڤێتنام دابین ده‌كات، ئه‌و كاره‌بايه جوڵێنه‌ری پیشه‌سازی ئه‌و وڵاتانه‌یه.
وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی ڤێتنام ده‌ڵێت، به‌هۆی ئه‌و وشكیه‌وه، زیاتر له 10 ملیۆن تۆن قامیشی شه‌كر له‌ناو چووه و 230هێكتار برنجیش وشكبووه.
ئه‌گه‌رچی چین بڕێكی زۆر ئاوی به‌رداوه‌ته‌وه تاوه‌كو یارمه‌تی وڵاتانی خواره‌وه‌ی رووباره‌كه بدات و له‌و وشكه‌ساڵیه كه‌مترین زیانیان به‌ر بكه‌ویت، به‌ڵام هیشتا ئاوه‌كه زۆر له ئاستی پێویست كه‌متره.