لاڤرۆڤ داوا لە ئەمریكا دەكات فشار بخاتە سەر توركیا

"ئەمریکا کاریگەری لەسەر گروپە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکان نییە"

K24 - ھەولێر:

وەزیری دەرەوەی رووسیا داوا دەکات ئەمریکا فشاری بخاتە سەر تورکیا بۆ ئەوەی ئەنقەرە بەھۆشخۆی بێتەوە، چیدیكە رێگری لە بەشداریکردنی کورد نەکات لە دانووستانەکانی جنێڤ.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە مۆسکۆ، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند: "پێویستە ئیدارەی ئۆباما فشار بخاتە سەر بەرپرسانی تورکیا، بۆ ئەوەی چیدیکە رێگری نەکەن لە بەشداریكردنی شاندی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) لە کۆبوونەوەکانی جنێڤ.

لاڤرۆڤ گوتیشی: "ئەمریکا کاریگەرییەکی ئەوتۆی نییە لەسەر گروپە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنیان و رێزگرتن لە ئاگربەستی سووریا".

وەزیری دەرەوەی رووسیا ئەوەشی خستەڕوو: "ھەرچەندە ئەمریکا چەندین جار بەڵێنی پێداوین کە ئەو گروپە چەکدارانە، پێشێلکاری ئاگربەستەکەی سووریا ناکەن، بەڵام لە راستیدا ئەوەی گوترا ئەوە دەرنەچووە".

ئەوە لە كاتێكدایە لە دوێنێوە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا كۆبوونەوەكانی جنێڤی ھەڵپەساردووە و رایگەیاند، كە رژێمی سووریا بەردەوام ئاگربەست پێشێل دەكات و لە ماوەی راگەیاندنی ئاگربەست ھیچ ھەنگاوێكی باشی نەناوە، ستاڤان دیمستۆرا، نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سووریا رایگەیاندووە، كە شاندی ئۆپۆزیسیۆن لە جنێڤ دەمێنەوە لە ھەوڵدایە كە كۆبوونەوەكان دەست پێ بكەنەوە.