جۆ بایدن: رەخنەی توند لە ئیسرائیل دەگرێت

لەوەتەی باراک ئۆباما بووەتە سەرۆکی ئەمریکا، پەیوەندییەکانی نێوان ئۆرشەلیم و واشنتن بەرەو لاوازبوون دەچن

K24 – ھەولێر:

جۆ بایدن، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، بۆ یەکەم جارە رەخنەی توند لە حکوومەتی ئیسرائیلی و سەرۆکی حکوومەتەکەی بنیامین نتانیاھۆ دەگرێت.

جۆ بایدن و نتانیاھۆ کە دوو ھاوڕێی نزیکی یەكترن، بەڵام جۆ بایدن لە گوتارێکیدا، سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئەم دوایەی ئەمریکا و ئیسرائیل، دەڵێت: واشنتن نیگەرانە بە ھەندێ لە ھەڵسوکەوتەکانی ئەم دوایەی ئیسرائیل و نتانیاھۆ و رایگەیاند، کە سەرۆک وەزیران، ئیسرائیل بەرەو رێگایەکی ھەڵە دەنێرێت.

ھەروەھا جۆ بایدن راشیگەیاند: کە ئیدارەی باراك ئۆباما ئەوەندە گەشبین نییە بەرامبەر بە ئومێدی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتەوایی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل، بەڵام جۆ بایدن ھەردوولای تۆمەتبار کرد بە شکستی ھەوڵەکانی ئەم دوایەی گەڕانەوەی ھەردوولا بۆ سەر مێزی گفتوگۆ.

لەوەتەی باراک ئۆباما بووەتە سەرۆکی ئەمریکا، پەیوەندییەکانی نێوان ئۆرشەلیم و واشنتن بەرەو لاوازبوون دەچن و ئیسرائیل چەندین جار نیگەرانی خۆی بەرامبەر باراك ئۆباما دەربڕیووە کە کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەو پەیوەندییە ھەبووە.