تەقینەوەیەکی خۆکوژیی لە پایتەختی ئەفغانستان روویدا
لە نزیکی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە کابووڵ تەقییەوە و زیاتر لە 300 قوربانیی لێکەوتووەتەوە
K24-هەولێر
سەرۆکی ئەفغانستان، ئەشرەف عەبدولغەنی رایگەیاند بەهۆی تەقینەوەیەکی خۆکوژیی کە ئەمڕۆ سێشەممە لە نزیکی باڵوێزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کابووڵی پایتەخت تەقییەوە چەند کەسێک کوژران و برینداربوون.
ئەشرەف عەبدولغەنی لە راگەیەندراوێکدا گوتی: ئیدانەی هێرشە "تیرۆریستییەکەی" کرد لە کابووڵ و رایگەیاند: "بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی ژمارەیەک خەڵکی سڤیلی بێتاوانی ئەفغان".
وەزارەتی تەندروستیی ئەفغانستان لای خۆیەوە لە راگەیەندراوێکدا گوتی: بەهۆی تەقینەوەکەی ئەمڕۆوە 7 کەس کوژران و 372 کەسیش برینداربوون.
هەروەها گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان، سدیق سدیقیی بە تۆڕی سی ئێن ئێنی ئەمریکای راگەیاند: خۆکوژێک کە ئۆتۆمبێلێکی بۆمبرێژکراوی لێدەخوریی تەقینەوەکەی ئەنجام دا.
تۆڕەکە لە زاری بەرپرسێکی پۆلیسی ئەفغانستانەوە دەشڵێ: "هێرشەکە نووسینگەی تیمێکی ئەمنیی کردە ئامانج کە کار بۆ پاراستنی کەسایەتییە گەورەکانی نێو حکوومەت دەکات".
هاوکات بزوتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان لە راگەیەندراوێکدا بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی تەقینەوەکە راگەیاند و گوتی: یەکەم جار خۆکوژێک ئۆتۆمبێلە بارهەڵگر و بۆمبرێژکراوەکەی لە دەرگای نووسینگەکە تەقاندەوە و دواتر چەند چەکدارێک هێرشیان کردە سەر نووسینگەکەو دەستیان بە تەقە کردن کرد لە "دووژمنان".
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە بزوتنەوەی تاڵیبان پێشتر دەستپێکردنی وەرزی هێرشکردنی راگەیاند کە هەموو ساڵێک لە وەرزی بەهاردا دەستپێدەکات.
ئا: ئا ، ف