ئۆباما: دۆخی ئێستای سووریا لە بەرژەوەندی ئەمریكا و رووسیا نییە

ئۆباما ئاماژەی بەوە كرد، كە لە رێگەی پەیوەندییەكی تەلەفۆنییەوە، بە سەرۆكی رووسیای راگەیاندووە، دۆخی سووریا بە خێرایی خراپتر دەبێت.

K24 – ھەولێر:

باراك ئۆباما رایگەیاند، كە دۆخی ئێستای سووریا خراپە و لە بەرژەوەندی رووسیا و ئەمریكادا نییە.

لە میانەی دیمانەیەكی تەلەفزیۆنی سی بی ئێس، سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆباما رایگەیاند، كە دەربارەی دوایین پێشكەوتنەكانی دۆخی سووریا پەیوەندی بە ھاوتا روسەكەی، ڤلادیمیر پوتین كردووە.

ئۆباما ئاماژەی بەوە كرد، كە لە رێگەی پەیوەندییەكی تەلەفۆنییەوە، بە سەرۆكی رووسیای راگەیاندووە، دۆخی سووریا بە خێرایی خراپتر دەبێت.

باراك ئۆباما گوتیشی، ناتواندرێت ھیچ پێشكەوتنێكی ئەرێنی بەدەست بھێندرێت، ئەگەر ئەمریكا و رووسیا و بۆچوونەكانیان یەك نەخەن و رێكنەكەون.

باراك ئۆباما ئەوەشی بە ڤلادیمیر پوتینی سەرۆكی رووسیا گوتووە، كە دۆخی ئێستای سووریا لەبەرژەوەندی ئەمریكا و روسیا نییە.

ماوەی 5 ساڵە شەڕی نێوخۆ لە سووریا بەردەوامی ھەیە، لە نێوان حكوومەتی سووریا و ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە، جگە لەمانە ھەریەك لە بەرەی نوسڕە وداعش لە سووریا شەڕدەكەن، داعش چەند ناوچەیەكی سووریای بە دەستەوەیە، لە كۆتای شوباتی ئەم ساڵ ئاگربەست لە نێوان حكوومەتی سووریا و ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە راگەیندر بەڵام ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە سوپای ئەسەد بە شكاندنی ئاگربەست تۆمەتبار دەكات.

Fly Erbil Advertisment