كۆمیسیاری په‌نابه‌ران: مه‌ترسیی هه‌یه نزیكه‌ی 500 كۆچبه‌ر له ده‌ریای ناوه‌ڕاست خنكابن
كؤميسيارى كاروبارى په‌نابه‌ران ده‌ڵێت ئه‌وانه‌ی رزگاریان بوه له رۆژی 16 ئه‌م مانگه رزگاركراون، رۆژی دواتر گه‌یشتوونه‌ته شاری كالاماتا له یۆنان
K24 – هه‌ولێر:
كۆمیسیاری كاروباری په‌نابه‌رانی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان مه‌ترسیی خۆی ده‌ربڕی له‌وه‌ی نزیكه‌ی 500 كۆچبه‌ری ئه‌فریقیی به‌هۆی نقوومبوونیانه‌وه له ده‌ریای ناوه‌ڕاست گیانیان له ده‌ستدابێت.
به گوێره‌ی فرانس پرێس گوته‌بێژی كۆمیسیاری كاروباری په‌نابه‌رانی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان گوتی: هه‌ندێك له‌وانه‌ی رزگاریان بوه دووپاتیانكردوه‌ته‌وه "به‌له‌مێك له ده‌ریای ناوه‌ڕاست نقوومبوه بوه‌ته‌هۆی گیانله‌ده‌ستدانی نزیكه‌ی 500 كه‌س".
زیاتر گوتی: "له ناوه‌ڕاستی ده‌ریا، قاچاغچییه‌كان به به‌له‌مێكی بچووكتر سه‌رنشینی زۆرتریان هێناوه، به‌هۆی كه‌ڵه‌كه‌بوون(سه‌رنشینه‌كان) به‌له‌مه گه‌وره‌تره‌كه نقوومبوه".
كؤميسيارى كاروبارى په‌نابه‌ران ده‌ڵێت ئه‌وانه‌ی رزگاریان بوه له رۆژی 16 ئه‌م مانگه رزگاركراون، رۆژی دواتر گه‌یشتوونه‌ته شاری كالاماتا له یۆنان.
پێشتر بی بی سی قسه‌ی له‌گه‌ڵ رزگاربوان له ئه‌سیوپیا و سۆماڵ و سوودان و میسر كردبوو له شاری كامالاتا كه دوای رزگاركردنیان له‌وێ ده‌ستبه‌سه‌ركراون.
بی بی سی رایگه‌یاندوه به گوێره‌ی ئه‌و رزگاربوانه نزیكه‌ی 240 كۆچبه‌ر له به‌نده‌ری توبڕوق له لیبیا به‌ره‌و ئیتاڵیا به‌ڕێكه‌وتوونه، كه‌چی ئاژانسیی رۆیته‌رز ده‌ڵێت رزگاربوان گوتوویانه 100 بۆ 200 كه‌س هه‌فته‌ی رابردوو له لیبیاوه له رێگه‌ی ده‌ریاوه به‌ره‌و ئیتاڵیا به‌ڕێكه‌وتوون.
ئه‌مساڵ ژماره‌ی كۆچبه‌ران ئه‌وانه‌ی له لیبیاوه بۆ ئیتاڵیا گه‌شتیی مه‌ترسیداری په‌ڕینه‌وه له ده‌ریا ده‌كه‌ن، زیادیكردوه.
به گوێره‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان: ئه‌مساڵ نزیكه‌ی 180 هه‌زار كه‌س هه‌وڵیانداوه له رێگای ده‌ریاوه بگه‌نه ئه‌وروپا، 800 كه‌سیشیان له رێگادا گیانیان له ده‌ستداوه.
م.ح